دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن

ئاگری ئەڤینی خوا

زوهد سێ قۆناغە، یەک: دەست لە دونیا هەڵبگریت. دوو: دڵت بە هیچ خۆش نەبێت. سێ: هیچ شک نەبەیت تا بە لاتەوە گرینگ بێت، بچیتەوە بۆ لای. بەختەوەری لای سۆفی ئەوەیە، لە پێویستییەکانی ژیان هیچ شک نەبات، بالیفی بەرد و ڕایەخی حەسیرەشڕێک بێت، یان هەر بە دانیشتنەوە بخەوێت. بۆ ئیبراهیمی کوڕی ئەدهەم، ئەوە مایەی شانازی بوو کە ئەسپێ تێی دابوو. پێخواس ئەو سۆفییەبوو، وای بۆ دەچوو پێڵاو کۆسپە لە سەر ڕێی ئەوانەدا، ڕێی بەرەو لای خوا دەگرنە بەر.

ڕابیعەی عەدەوییە، بەنگبوو بە بەنگێکی تایبەتی، داپۆشراوبوو بە پەردەی دڵسۆزی، لەنێو زەریای تامەزرۆییی بۆ خوادا توابووەوە، ئەوەندە لە ئاگری ئەڤینی خوا نزیک بووبووەوە، سووتابوو، لەو ڕێگەوبانەدا کە بەرەو ژووانی خودای دەبرد، بزربووبوو، ئاخر لە پاکژیدا دووەمین مەریەم بوو. ڕابیعە نموونەی ئەڤینی خاوێن بوو، هەم زاهیدێکی توندوتۆڵ بوو، هەم ناسیکێکی ڕاستەقینە. جامی گوتوویەتی: (زاهید بە نووری بڕوا و ویژدان، سەرنجی ڕۆژی دوایی دەدات و ئەم دونیای بەلاوە سووکە.)

(لە یەکێک لە شەقامەکانی بەسرەدا، ڕابیعەی عەدەوییەم بینی، بەم دەستی مەشخەڵێک و بەو دەستی گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتبوو، گوتی دەچم مەشخەڵەکە لە بەهەشت و گۆزەئاوەکە لە دۆزەخ دادەنێم، تا پەردەکان لا بچن و ئەوە ڕوون ببێتەوە، کێ لە خۆشەویستییەوە خوا دەپەرستێت و کێ لە ترسی ئاگری دۆزەخ یان بە ئومێدی بەهەشت دەیپەرستێت.) ئەم چیرۆکە ئەوەمان پی دەڵێت کە کرۆکی سۆفیزم، خۆشەویستییە لەبەر خۆشەویستی و ئەوی عاشقی خوا ببێت، لە ترسی ئاگری دۆزەخ، یان لە خۆشیی باخی بەهەشت، خواپەرستی ناکات، ئاخر وای بۆ دەچێت، حۆری و تەلاری بەهەشتیش، جەلالەدینی ڕوومی گوتەنی، وەک پەردە وان و جوانیی ئەزەلیی خودایی دەشارنەوە.

فەریدەددینی عەتتار (١١٤٦ – ١٢٢١) دەڵێت: (بەهەشت و دۆزەخ، دوو شتی خولقاون، لە خوا جیاوازن، سۆفییش بە هیوای گەیشتنە بە خوا، نەک بە مەخلووقەکانی خوا.) خۆشەویستی ڕابیعە بۆ خوا ڕەهابوو، لە دڵیدا جێی ئەڤینێکی دیکە نەدەبووەوە، بیری لە هیچی دیکە نەدەکردەوە، مێردی نەکرد، دونیا لای هیچ بوو، بەهاران پەنجەرەی دادەخست و لە گوڵیش ورد نەدەبووەوە، لەوە ڕادەما کە بەهار و گوڵی ئەفراندووە، ئاخر مەولانا جەلالەددینی ڕۆمی (١٢٠٧ – ١٢٧٣) گوتەنی: باخ و گوڵ و میوە، لە ناخی سۆفیدان، لە دڵیدان نەک لە شوێنێکی دیکە. وەک چۆن خوا لێ ناگەڕێت، لە غەیری خۆی، هیچ خوداوەندێکی دیکە بپەرستین، هەر وایش ڕابیعە گوتەنی، لێ ناگەرێت لە غەیری خۆی کەسی دیکەمان خۆش بوێت.

خۆشەویستی دڵم!
بێجگە لە تۆ کەس شک نابەم
بەزەییت بە تاوانبارێکدا بێتەوە
کە بەرەو لات دێت و
دڵی تەنیا جێی تۆی تێدا دەبێتەوە

لە خۆشەویستییەکی وادا، هەبوونی سۆفی کۆتایی دێت و لەگەڵ خودای خۆیدا یەک دەگرن و دەبن بە یەک. بۆ ئەو ئەڤینە، ڕابیعە پشت بە دەقی قورئان دەبەستێت کە پێش ئەوەی ئینسان خوای خۆش ویستبێت، خوا ئینسانی خۆش ویستووە. (خۆشی دەەوێن و خۆشیان دەوێت. مائیدە ٥٩) خۆشەویستی لە ئەزەلەوە دەستی پێ کردووە و تا ئەبەد درێژەی دەبێت. ئەو ئایەتە بەڵگەیە بۆ ئەڤینی هاوبەشی نێوان خوا و ئینسان، بۆیە هیچ شتێک ناتوانێت، ئەڤیندار لە ئەڤینی خوا غافڵ بکات. ئەڤیندار ئەگەر چاویشی نەبینێت، بە چاوی دڵ خوا دەبینێت، بەوەیش ڕووحی ئارام و هێور دەبێتەوە. (خودایە چیت لەم دونیا بۆ من داناوە، بیاندە بە دوژمنەکانت، هەر چییەکیشت بۆ ئەو دونیا بۆ نووسیوم، بیاندە بە وەلییەکانت، من خۆتم بەسە.) ڕابیعەی عەدەوییە دەڵێت: (ئەڤینداری ڕاستەقینە، بەر دەرگای ماڵی خۆشەویستەکەی بەجێ ناهێڵێت، با چەندان جار دەریش بکرێت، ئاخر – خۆشەویست – با لەبەر چاویش نەبێت، لەناو دڵدایە و قەت ماڵی دڵ چۆڵ ناکات.) لە سەدەی هەشتەمدا، هەر ڕابیعەی عەدەوییە سۆفی نەبوو، چەندان ژنی دیکە، هەمان ڕێی ئەویان گرتبووە بەر و هەموویان ئەویان بە نموونەی باڵای خۆیان دەزانی.

لای شیعە ئیمامی شەشەم، جەعفەری سادق (٧٦٢ – ٧٦٥ز) یەکێکە لە سۆفییە هەرە گەورەکان کە لێکدانەوەیەکی ئاشتییانەی بۆ قورئان کردووە. ئەو پێی وابووە، قورئان چەندان لێکدانەوەی جیاوازهەڵدەگرێت کە یەکێکیان بۆ عەوام دەست دەدات و یەکێکی دیکەیان بژاردە لێی حاڵیی دەبن. جەعفەری سادق کە یەکێکە لە دوازدە ئیمامەکەی شیعە، پێی وابوو مورید بە دوازدە حاڵەتدا ڕەت دەبێت و هێدی هێدی بەرەو قووڵاییی زەریای خۆشویستنی خوا شۆڕ دەبێتەوە. لای ئەو شەتەحات ئەو گوتانەن، سۆفی مافی ئەوەی نییە بیانکات و دەڵێت: (ئەگەر مووسا پەیامهێن نەبووایە، لە سیناء گوێبیستی خوا نەدەبوو، گوتەکانی خوا لە ئاسمانەوە نەدەهاتن بۆ کن مووسا، لە ناخییەوە هەڵدەقوڵان، بەڵام موحەممەد لە خودا نزیک بووەوە، ئاخر لە میعراجدا ڕاستەوخۆ ڕووناکیی زاتی خوای بینی. جەعفەری سادق دەڵێت: فەنابوون لە خوادا، زادەی ئەوەیە، ئاگری ئەڤینی خوا سۆفی دەتوێنێتەوە.
(*) أنا ماري شیمل، ألأبعاد الصوفیة في ألإسلام و تأریخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعیل السید و رضا حامد قطب، منشورات الجمل، الطبعة ألأولی ٢٠٠٦ بغداد.

ھەواڵی زیاتر