خۆپیشاندەران گڕ لە دەروازەی تەلاری پارێزگای زیقار بەردەدەن

سەدان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان لە سەنتەری شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار، لەبەردەم تەلاری پارێزگاکە گرد بوونەتەوە و بە سووتاندنی تایە و ناڕەزایی دەربڕین داوای دامەزراندن دەکەن.

خۆپیشاندەران، داوای دامەزراندن لە دامودەگاکانی حکوومەت دەکەن بە گوێرەی بڕوانامە و پسپۆرییەکانیان بەپێی داواکارییەکانی پاشکۆی تایبەتمەند بۆ دامەزراندن، بەهۆی زۆری ژمارەی خۆپیشاندەرانەوە هێزە ئەمنییەکانی بە گازی فرمێسکڕێژ کەوتوونەتە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و دوور خستنەوەیان لەبەردەم تەلاری پارێزگای زیقاڕ.

هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی بۆ دوورخستنەوەی دەرچووانی خۆپیشاندەر بووەتە هۆی ئاڵۆزی و پێکدادان و توندوتیژی لێ کەوتووەتەوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەستگیرکراون و چەند کەسێک بەشێوەی جیاواز بەسووکی بریندار کراون.

هەرچەندە لە بودجەی پەسەندکراوی ساڵی 2024 هیچ دامەزراندنێک جێگەی نەکراوەتەوە، بەڵام بە درێژایی هەشت مانگی ڕابردوو لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق بەردەوام دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ بە دەستهێنانی مافی دامەزراندن لەبەردەم دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق خۆپیشاندانیان کردووە و چەند جارێکیش توندوتیژیی لێ کەوتووەتەوە و هێزە ئەمنییەکان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوە.

ھەواڵی زیاتر