ناکۆکییەکانی ناتانیاهۆ و گالانت زەقتر دەبێتەوە

بەهۆی ڕێگرییەکانی یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بۆ هێرشی فراوان و بەربڵاو بۆ سەر لوبنان، ناتانیاهۆ دووەم جارە هەڕەشە دوورخستنەوەی گالانت دەدات.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، دووەمجارە هەڕەشەی دوور خستنەوەی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەدات ئەوەش لەبەر ڕێگریی لە جێبەجێکردنی پلانی هێرشی فراوانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، هۆی ڕێگرییەکانی گالانت لە فراوانکردنی بەرەی شەڕ و هێرشکردنە سەر لوبنان، بۆ ئەوەیە دەرفەتی زیاتر بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ڕێککەوتنی ئاگربەست بڕەخسێت.

لەلایەکی دیکەیەوە کەناڵیی 13ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، ئۆوری گۆردین، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی باکووری ئیسرائیل فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە سوپای ئیسرائیل هێرشی سەر لوبنان بکەن، بەڵام وەزیری بەرگری و سوپاسالاری ئیسرائیل نیگەرانی و مەترسی خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەربڕی و نایانەوێت بچنە ژێر ڕکێفی فەرمانی فراوانکردنی شەڕ لەگەڵ لوبنان.

بەگوێرەی زانیاریی مێدیاکانی ئیسرائیل، لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا لە میانەی کۆبوونەوەیەکی داخراوی لێژنەکانی ئاسایس و دەرەوەی پەرلەمانی ئیسرائیل لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە تەلئەڤیڤ، گالانت، بە توندی بەرپەرچی ناتانیاهۆی داوەتەوە لەسەر بڕیاری جێبەجێکردنی پلانی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵلا و باشووری لوبنان و ڕێگر بووە لەوەی دەرفەت بدات هێرشێکی وەها بکرێتە سەر لوبنان.

هەروەها پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، و بەردەوامبوونی هێرشە مووشەکییەکانی نێوان حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیل، ناکۆکییەکی بەهێز سیاسیی لە نێوان ناتانیاهۆ و گالانت سەری هەڵداوە.

ھەواڵی زیاتر