د. دلۆڤان محەمەد:لە کابینەی نۆیەم بایەخی زۆر بە سازدان و دروستكردنی نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی دراوە

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شاری هەولێر و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوان، تەندروستیی هەولێر خزمەتگوزاریی تەندروستیی گەیاندوەتە زۆرینەی شوێنەكان بەبێ جیاوازی.

بە گوێرەی كارنامەی كابینەی نۆ، هاووڵاتیان بەڵێنیان پێ درابوو دابوو كە: بە پێی پێوەر و ستاندەرە جیهانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراکدا بکرێت؛ هەر سەرپێچییەکیش بە گوێرەی یاسا رێگەی لێ دەگیرێت و دەدرێتە دادگا؛ هەموویشی لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بەرەوپێشخستنی كەرتی تەندروستیدایە.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، جەخت دەكاتەوە كە کەرتی تەندروستی لە هەولێر لە ئاستێکی زۆر باشدایە؛ لە کابینەی نۆیەم بایەخی زۆریان بە سازدان و دروستكردنی باڵەخانەی نەخۆشخانە و سەنتەر و بنكەی تەندروستی داوە؛ 56 پرۆژەی تەندروستییش جێبەجێ کراون و بەردەوامیشن بۆ بەرەوپێشخستنی زیاتری كەرتی تەندروستی لە هەولێر، لەو ژمارەیە كە بەشێكیان سەنتەر و نەخۆشخانەی زۆر گرنگ بوون بۆ شاری هەولێر، وەك نەخۆشخانەی چاو، سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری بە تیشك و لێزەر، سەنتەری تالاسیمیای نوێ، نەخۆشخانەی بەحركە.
د. دلۆڤان محەمەد ئاماژە بەوە دەدات كە: خزمەتگوزاری لە ڕووی چەندی و زۆرییەوە گۆڕانی زۆری بەسەر هاتووە، ئەگەر سەیری خزمەتگوزارییەكانیش بكەین لە ماوەی كابینەی نۆ، هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەك و خزمەتگوزارییەكی تەندروستی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، بۆ نموونە سەنتەری دڵ كە پێشتر بۆ چارەسەری خەڵك ڕوویان لە دەروەی وڵات دەكرد، خۆشبەختانە ئێستە هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەك و چارەسەرییەكی تێدا بەردەستە، تەنانەت ئەوانەی كە كتوپڕ توشی جەڵتەی دڵ دەبن، خێرا قەستەرەیان بۆ دەكرێت. هەروەها خۆشبەختانە توانراوە پۆلێنی نەخۆش بكرێت لە نەخۆشخانەكان و فریاكەوتنەكان، كە ئەمەش پێشكەوتنێكی دیكەی بواری كەرتی تەندروستییە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر جەخت دەكاتەوە كە لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێردا هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەک ئەنجام دەدرێت و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی پێشکەشی چارەخوازان دەکرێت. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی تەندروستی داوە، 40%ـی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكان دەكەن خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، هەربۆیە پێویستیمان بە فراوانكردنی زیاتری كەرتی تەندروستی هەیە و بەردەوامیش دەبین.
د. دلۆڤان محەمەد، گوتی: بووژانەوەی كەرتی تەندروستی تەنها لە كەرتی گشتیدا نییە، بەڵكو لە كەرتی تایبەتیش بووژانەوەیەكی باش كراوە، ئەمەش وای كردوە وەك چارەسەری و گەشتیاری تەندروستی سوودی لێ وەریگرێت.

ھەواڵی زیاتر