له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ پارێزگاى دهۆك، به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2024/9/15 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له پارێزگا له‌گه‌ڵ عه‌لى ته‌ته‌ر پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه كارگێڕييه‌كانى سنوورى پارێزگاكه، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى گشتيى پارێزگاى دهۆك و كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزاريى گشتى له ناوچه جياكانى سنوورى پارێزگاكه تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه سه‌ر پێداويستييه‌كانى پارێزگا و قه‌زا و ناحييه‌كانى و باس له كێشه و گرفته‌كانى به‌رده‌م يه‌كه كارگێڕييهكان و چۆنيهتيى چاره‌سه‌ركردنيان، كرا.
پارێزگار و به‌رپرسانى ناوچه‌كه، وێڕاى ئاماژه‌دان به به‌رنامه و خشته‌ى ئه‌و كار و پرۆژانه‌ى له چه‌ندين بوارى جيادا له‌ژێر جێبه‌جێكردندان، يان پلانى جێبه‌جێكردنيان هه‌يه، ديد و سه‌رنجى خۆيان ده‌رباره‌ى چۆنيهتيى باشتركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى زياترى ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان خسته ڕوو.
ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. تيايدا نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له گرنگيى به‌ڕێوه‌چوونى هێمن و ئارامیی هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و باپه‌ندى به ڕێنماييى لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانه‌وه كرد.
له كۆتاييى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ستايش و ده‌ستخۆشى ئاراسته‌ى پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه كارگێڕييه‌كانى پارێزگاكه كرد بۆ ئه‌و ئه‌رك و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌ش به هاووڵاتييان و ناوچه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.