بە هۆی بەرزبوونەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان و بەرهەمە سووتەمەنییەکان و نۆژەنکردنەوەی زۆربەی ژێرخانی کەرتی پیشەسازی و وزە، حکوومەتی عێراق بەنیازە ڕوو لە چین بکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە زۆربەی حکوومەتەکانی پێشووی بەغدا، هەوڵێکی زۆریان داوە چەندین گرێبەستی وەبەرهێنانی کەرتی نەوت ئەنجام بدەن، بەجۆرێک بەشێکیان شکستیان هێناوە و بەشێکی دیکەشیان تەنها واژووکردن بووە لەسەر کاغەز و لە واقیع هیچ هەنگاوێک نەنرا.
لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، بەغدا یاسای وەبەرهێنانی تایبەتی بۆ پاڵاوگەی نەوتی خاو دەرچوواند و، ساڵی ٢٠١١ یاساکەی هەموار کردنەوە و چەندین خاڵی لە قازانجی کۆمپانیا بیانییەکان دەرهێنا. سەرەڕای ئەو هەنگاوەی ئێستای بەغدا بە ڕووکردنە پەکین، دەبێتە مایەی تووڕەبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان، چونکە واشنتۆن بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێکارەکانی عێراق نییە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی چینی بۆ ئەم وڵاتە کە ملیارەها دۆلاری تێدا خەرج کردووە بۆ ئەوەی لە زۆنی مۆسکۆ دەربهێنێت.
لەلایەن خۆیەوە دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە داوە پێوەری بەکارهێنانی ساڵانەی بەنزین لە وڵاتەکەیان نزیکەی ١٢.٨ملیار لیترە، بەڵام کۆی گشتی بەرهەمهێنانی ئەو سووتەمەنییە ساڵانە لە سنووری ٨.٤ملیار لیترە، بۆیە تا ٢٠١٨ی زایینی، نزیکەی ٣.٣ملیار لیتر بەنزینی هاوردە دەکرد.
بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٣ نزیکەی ٣٥٠ هەزار ئۆتۆمبێل لەعێراقدا بەرزبووبووەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە پایتەختی عێراق یەک ملیۆن و نیو ئۆتۆمبێل هەیە. بودجەی گشتی هاوردەکردنی سووتەمەنیش ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلارە، جگە لە خەرجییەکانی سووتەمەنی تایبەت بە وێستگە کارەباییەکانی سەرتاسەری وڵات. بۆیە بەغدا ناچار بووە ڕوو لە کۆمپانیا جیهانییەکان بکات، بۆ ئەوەی پاڵاوگەی گەورەی بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی دروست بکات، گرنگترین ئەو کۆمپانیانەش چینیەکانن کە ئێستا لە زۆربەی وڵاتەکاندا وەبەرهێنان دەکەن.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشوو کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی چین کۆ بووەوە و ڕێککەوتنی لەسەر چەندین گرێبەستی جۆراجۆری ئابووری دەکا، بەڵام تەنها مانگێک بەسەر ئەو واژۆیە تێنەپەری، لە سەرتاسەری عێراق خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژی حکوومەتەکەی دروست بوون.
لە سەروبەندی ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکەی پەکین ـ بەغدا، واشنتۆن بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو ڕێککەوتنانە نیشان دا کە گووژمەکەی سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلار بووە. زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی بەغدا لەگەڵ هەمەجۆرکردنی کەرتی وەبەرهێنانن، بەڵام بە هۆی کێشە ناوخۆییەکان و زاڵبوونی هێزە میلیشیاکان بەسەر جومگە ئابوورییەکانی وڵات، عێراق نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بهاوێژێ و سەرکەوتوو بێت لە ڕزگارکردنی وڵاتەکەی لە قەیرانەکاندا.
چەندین دیکۆمێنت و بەڵگەی گەندەڵی لەسەر هێزە میلیشیاکان لە ماوەی ڕابردوو لە عێراقدا ئاشکرا بوونە، کە چەندین کێڵگە و کاروانی نەوتیان کۆنترۆڵ کردووە و بەشێکی زۆری داهاتی ئەو وەبەرهێنانە دەچنە نێو گیرفانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەردا تارانیش پاڵپشتی سیاسی و چەک و تەقەمەنییان دەکات.
بەغدا هەوڵێکی زۆر دەدات گرنگی بە بەندەری گەورەی فاو بدات، بەڵام بەهۆی ناڕەزاییە سیاسییەکان بە تایبەت لە لایەن ئێرانەوە، ئەو پرۆژەیە لەدوای ٢٠٠٣وە شکستی هێناوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە تەواو جێی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە کە لەسەر کەنداون.