عەنکاوە و ستێرلینگ هایتس گرێبەستی دەستەخوشکییان مۆر کرد

هەردوو شارۆچکەی عەنکاوەی کریستیاننشین لە پارێزگای هەولێر و ستێرلینگ هایتس لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا گرێبەستی دەستەخوشکییان مۆر کرد؛ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کار لەسەر پرۆسەکە دەکرێت. بڕیارە لەڕووی شێوازی ئیدارەدانی حکوومەتە خۆجێیەکان و دامەزراوە ئیدارییەکان هاوبەشی لەگەڵ یەکدیدا بکەن، هاوکات لەڕووی پەروەردە و خوێندن، تەندروستی، بازرگانی و ئابووری و کەلتووری و بوارەکانی دیکە هاوئاهەنگی بکەن.

دوای زیاتر لە ساڵێک لە گفتوگۆ وکارکردن، گرێبەستی دەستەخوشکیی نێوان شارۆچکەی عەنکاوە و ستێرلینگ هایتس لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشگین ئیمزا کرا، هەردوو شارۆچکەی زۆرینە کریستیاننشین لەمەودوا ئامانجیانە بە فەرمی پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن.

ڕامی نووری، قایمقامی عەنکاوە بە کوردستان24 دەڵێت: لەگەڵ شاری ستێرلینگ هاریس، ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکی ڕێککەوتننامەی دەستەخوشکیمان ئیمزا کردووە، بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە بتوانین پەیوەندییەکانی شارۆچکەی عەنکاوە و پێکهاتەی کرستییان بە گشتیی، پەرەی پێ بدەین لەژێر سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

مایکڵ تەیلەر، سەرۆکی شارەوانی ستێرلینگ هایتس بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمە هاوبەشییەکی سرووشتییە و نەک هەر تەنیا بۆنەیەکە بەڵکو ئەوەی دەیکەین گرنگە. ئێمە بۆچوونەکانمان هاوبەشی پێ دەکەین کە چۆن حکوومەتەکانمان بەڕێوە دەبەین، ئەوانیش بەهەمان شێوە بۆچوونەکانی خۆیانمان پێ دەڵێن. ئێمە یارمەتیان دەدەین لەڕووی خوێندن و پەروەردە، بازرگانی و پەرەپێدانیی ئابووری. ئەوانیش یارمەتی ئێمە دەدەن لەڕووی کولتوور و بابەتی دیکە. ئەوە دەبێتە هاوبەشییەکی مەزن بۆ هەردوو شارۆچکەکە و کۆمەڵگەکان کە چۆن خزمەتی دانیشتووانیان بکەین. من زۆر دڵخۆشم.

بیرۆکەکە لەلایەن دامەزراوەی ڕەوەندی کلدانی میشیگن هاتە ئاراوە. تاوەکو گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی و ئیمزاکردن، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن بە بەردەوامی کۆبوونەوە و گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ستێرلینگ هایتس کردووە.

تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا گوتی؛ نوێنەرایەتییەکەمان لێرە لە ئەمریکا لەگەڵ هەردوولا بۆماوەی زیاتر لە ساڵێکە کار دەکات بۆئەوەی ئەو هاوبەشییە بکرێت. پرۆسەکە دەبێتە یەکگربەستنەوەیەکی گرنگ هاوشێوەی ڕێککەوتنامەی دیکەی دەستەخوشکی، بەوەی هەردوو شارۆچکەی عەنکاوە و ستێرلینگ هایتس کۆمەڵگەی فرە ڕەنگیان هەیە و بەهاکانیان لەگەڵ یەکدی هاوبەشی پێدەکەن، ئەوەش تەنیا پرۆژەی سەرکەوتوو بەدوای خۆیدا بەرهەم دەهێنێت.

مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانی کلدانی ئەمه‌ریکا دەڵێت: ئێمە زۆر سوپاسگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، ژمارەیەک کەسایەتیی لە نێویاندا خەڵکی میشگینن کە یارمەتیدەربوون لە ئاسانکاریی بۆ ئەم پرۆسەیە. ڕۆڵی ئێمە پێشنیازکردنی ستێرلینگ هایتس بوو، چونکە ئێمە لێرە دەژین و لێرە کار دەکەین، بۆئەوەی لەگەڵ عەنکاوە بەیەکەوە بیبەستینەوە. ئێمە پێمان وابوو ئەمە دەبێتە یەکەم لەنێو کۆمەڵێک دەرفەت بۆ دەستەخوشکی نێوان شارەکان و وڵاتان کە لە واشنتن دی سی بۆ ئێمە پێشنیازکراوە.

لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی دەستەخوشکی، بڕیارە هەردوو شارۆچکەی عەنکاوە و ستێرلینگ هایتس، کار لەسەر ئاڵوگۆڕپێکردنی کەلتوور و فەرمەنگی یەکدی بکەن، ساڵانە بەشێک لە فەرمانبەرانی عەنکاوە سەردانی ستێرلینگ هایتس بکەن، بۆ ڕاهێنان و وەرگرتنی ئەزموون لە بواری بەڕێوەبردنی ئیداری بەشێوەی مۆدێرن.

بە ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیە هەردوو شارۆچکەی عەنکاوە و ستێرلینگ هایتس ئامانجیانە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن و لە زۆربەی بوارە هاوکاری یەکدی بکەن.

ھەواڵی زیاتر