یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەى ڕنین و قیڕتاوکردنی شەقامی بنەسڵاوەى بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ شەممە 2024.9.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى ڕنین و قیڕتاوکردنی شەقامی بنەسڵاوەى بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی ( 329 ملیۆن و 450 دینار ) لە سەر 15%ى داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، بە ڕووبەرى (13,500 مەتردووجا) قیڕتاوکردن بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و نیاز ساڵح، بەڕێوەبەری شارەوانی 4 یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر، لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی پڕۆژەکە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى شارەوانى و تیمی ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد.

هەروەها جەختى لەوە کردەوە، پارێزگای هەولێر لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ هەموو هەوڵێکى خۆی خستۆتەگەڕ، گوتیشی، “ویستى ئێمە بۆ گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان لە سنوورى پارێزگاکەمان زۆر لەوە زیاترە”.