بەگوژمەی نزیکەی ( 4 ملیار دینار )، بەردی بناغەی گه‌وره‌ترین پۆند لە سەر ئاستى هه‌رێمی كوردستان دانرا

ئەمڕۆ شەممە 2024.9.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، به‌ ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و کارزان هادی سەرۆکی شارەوانی و ڕێبوار کاکەیى، بەڕێوەبەرى ئاودێرى هەولێر و زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە، لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەى دروستکردنى پۆندى بنەسڵاوە، گه‌وره‌ترین پۆندى له‌ سەر ئاستى هه‌رێمی كوردستانی دانا، کە بە گوژمەی ( 3 ملیار و 856 ملیۆن و 175 هەزار دینار) لە سەر بوجەی وەبەرهێنانی بەڕێوەبەرایەتى ئاودێری هەولێر و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕای دەستخۆشى لە ئەندازیار و تیم و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر، جەختی لە تەواوکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە، کە بۆ شارى هەولێر پڕۆژەیەکى گرنگ و ستراتیژییە.

ڕاشیگەیاند، بە پاڵپشتی و پشتیوانی ڕاستەوخۆى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەى گرنگیدانى کابینەی نۆیەم، بە کشتوکاڵ و ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و پۆند و کەمکردنەوەى مەترسییەکانی دروستبوونى لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر چەندین پڕۆژە جێبەجێکراوە، کەبەشێکیان بە کۆتا هاتوون و بەشێکیشیان لەژێر جێبەجێکردندان، لە نێویاندا دروستکردنى “پۆندی بنەسڵاوە”یە کە گەورەترین پۆندە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و درێژی (360) مەترە و بەرزیەکەى (17) مەترە و توانای کۆکردنەوەی (3) ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی باران و کانیاوەکانی ھەیە، بەتەواوبوونى ئەو پۆندە ڕۆڵی زۆری دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و دروستکردنی زه‌وی به‌رئاو، جگە لەوەی ناوچه‌كەش لە مەترسی دروستبوونی لافاو دەپارێزێت، ناوچەکە دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیارى و کەرتی گەشتیاریی لە دەڤەرەکە دەبووژێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر