نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەرزبووەوە بۆ 2585 دۆلار کە بەرزترین ئاستییەتی لە مێژوودا و سیتی بانکی ئەمریکی پێشبینی دەکات نرخی کانزا زەردەکە نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەرزبێتەوە بۆ 3000 دۆلار.
سیتی بانکی ئەمریکا، یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی جیهان و دەڵێت، بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە لە نێوەڕاستی ساڵی 2025دا بەرزدەبێتەوە.
نرخی زێر لەم ساڵدا بەڕێژەی 24% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاکاش دۆشی، بەڕێوەبەری بەشی کانزاکان لە سیتی بانک پێشبینیکردووە، پێش کۆتایی ئەم ساڵ نرخی زێر بگاتە 2600 دۆلار و نێوەڕاستی ساڵی داهاتووش 3000 دۆلار دەپێکێت.
رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەدات و ئەوەش دەبێتە یەکەم کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە دوای ساڵی 2020وە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، هاوکات دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای کاڵا و کانزاکان.