سەرۆكی هەرێمی كوردستان: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو

دوای کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ی ٢٠٢٤/٩/١٢ی نێوانیانیان، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسعوود پزشكیان سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و دۆخی ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەشیان كرد.

سەرەتا بەڕێز مەسعوود پزشکیان گوتی: “هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ستایشی براکانمان بکەین لێرە، لە سەرۆکی بەڕێزی هەرێم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ڕێبەری ئەم هەرێمە، لە میوانپەروەرییان لە پەیوەندییەکانیان. ڕوانینی ئەمان ئەوەیە کە پێکەوە خوێنمان داوە، ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ بە جۆرێکی دیکە سەیری بابەتەکە بکات”.

لە بەردەوامیی لێدوانەكەیدا بەرێزیان ڕایانگەیاند: “ئەمە ڕاستییەکە کە ئێران و ئەم هەرێمە لە زۆربەی ئەو ڕووداوانەی دەبوونە هۆی دروستبوونی شەڕ و گرژییەکان، پێکەوە و لە تەنیشت یەکتری بوون و پێکەوە هەوڵیان دەدا کێشەکان چارەسەر بکەن، ئێستایش هەمان بۆچوون ماوە. دەبێت ئێمە لەو کاتەی کە ئاشتی و سەقامگیری هەیە، هەوڵ بدەین بە گوێرەی پێویست سوود لەو مێژووە وەربگرین. لەڕووی کولتووری، ئابووری و سیاسی و ئەمنییەوە، ئێمە دەتوانین یارمەتیی یەکتری بدەین و زەمینە بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان ئامادە بکەین”.

دواتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو پێشتر ببەین”.

هەروەها بەڕێزیان ڕایانگەیاند: “دەمەوێت بڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێم، حکوومەت و بەرپرسانی هەرێم و هەموو ڕێبەرە ئایینییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە، خۆشحاڵین کە بەڕێز سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی کوردستانیشی کرد، هەر چۆنێک بێت ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە و کۆمەڵێک هاوبەشیی زۆرمان لە بواری مێژوویی، کولتووری و زماندا هەیە”.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە ئەوەیش کرد: “هاتنی بەڕێز پزشکیان، وەک یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چاوی بە هەولێر دەکەوێت، بۆ ئێمە بە هەموو شێوەیەک مێژوویییە. لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆککۆمار لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەتایبەت پرسی ئەمنی گفتوگۆمان کرد. جەنابی سەرۆککۆمار و ئێمەش جەختمان لەوە کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت بە هیچ شێوەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێندرێت”.

هەروەها سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “بەڵێ کۆمەڵێک کێشە هەن، بەڵام ئەو کێشانە ئێمە وەکو یەک تیم چارەسەریان دەکەین. هەرێمی کوردستان ئامادەییی ئەوەی تێدایە لە هەموو ئاستەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پەرە پێ بدات”.

لە كۆتاییی لێدوانەكەدا سه‌رۆک پزشكیان به‌ کوردی گوتی: “عەرزی سڵاو و بەخێرهاتن دەڵێم لە خزمەتی جەماعەتدا و ان شاء الله ئەو په‌یوه‌ندییه‌ی كە دەگەڵ هەولێر و كوردستان و عێراق هەیە، لێرە هاتووین بتوانین به‌هێزی بکەین و تەواوی ئەو کێشانه‌ی كە تا ئێستا هەبوو، بە ئومیدی خودا لەبەینی دەبەین، سڵامەت بن”.

ھەواڵی زیاتر