رێکخراوە جیهانییەکەی گەشتوگوزار رایگەیاند ژمارەی گەشتکەران لە چارەکی ئاخری ٢٠٢١ لە جیهاندا ٥٨% زیادیکردووە، بەهۆی کرانەوەی دەرگا بەرووی گەشتیاران بە تایبەتی لە ئەوروپا. دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ زۆربەی شوێنە گەشتیاریەکان لە جیهان داخران بەهۆی پەتای کۆرۆنا، ساڵی ٢٠٢١ گەشتەکان ئاسایی بوونەوە و داهاتی شوێنە گەشتیاریەکان رووی لە زیادبوون کرد.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کەرتی گەشتوگوزار بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی داھات دادەنرێت، بە تایبەت بۆ وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و ئەو وڵاتانەی ھەژارن لە ڕوی سەرچاوەی سروشتییەوە.
بە پێی ئامارێکی فەرمی ڕێکخراوی بازرگانی جیھانی لە ساڵی ٢٠١٠ کۆی ژمارەی گەشتیاران لە جیهاندا گەیشتە ٦٨٠ملیۆن کەس، لە ساڵانی دواتر ژمارەی گەشتیاران لە جیھاندا یەک ملیاری تێپەڕاند.
ھەندێ وڵات بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستن بە داھاتی کەرتی گەشتوگوزار وەک ( تورکیا) لەو وڵاتەدا کەرتی گەشتوگوزار بەشداری کارای ھەیە لە داھاتی نەتەوەیی، بە جۆرێک تەنھا لە ساڵی ٢٠١٩ دا داھاتی کەرتی گەشتوگوزار لە تورکیا زیاتر لە ٢٠ملیار دۆلار بوو، ھەروەھا ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠١٠دا تەنها لە ساڵێکدا کۆی داھاتی کەرتی گەشتوگوزار ٦١ملیار دۆلار بوو. بەھەمان شێوە زۆرێک لە وڵاتانی تری وەک ئەمریکا، فرنسا،ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، چین، بەریتانیا، نەمسا و مالیزیا گرنگییەکی زۆریان داوە بە کەرتی گەشتوگوزاری و توانیویانە داھاتێکی زۆر لەو بوارە بەدەست بهێنن.
لە ساڵی ٢٠١٧ کۆی داهاتی وڵاتی ئیمارات لە کەرتی گەشتوگوزار ٤٣.٣ملیار دۆلار بوو کە دەکاتە ١٢.١%ی داهاتی ناوخۆی وڵاتەکە، ٢.٩ لە سەد رێژەکەی زیادی کردبوو بەراورد بە ساڵی رابردووی. ئەڵبەت شوێنە گەشتیاریەکان ٢١٧،٥٠٠ هەلی کار دەڕەخسێنن کە دەکاتە ٥.٢%ی ئیش لە وڵاتی ئیمارات. گەشتوگوزار بە کۆڵەکەی سەرەکی وڵاتی تایلەند دادەندرێت، ١٥%ی داهاتی هەموو وڵاتەکە پێکدێنێ و لە ساڵی ٢٠١٩ داهاتی گەشتوگوزار گەیشتە ٦٠ملیار دۆلار.
ئەو وڵاتانەی داهاتی گەشتوگوزاریان زۆرە: ئەمریکا ٢١٤.٥ملیار دۆلار، ئیسپانیا ٧٣.٨ملیار دۆلار، فەرەنسا ٦٧.٤ملیار دۆلار، تایلەند ٦٣ملیار دۆلار، بەریتانیا ٥١.٩ملیار دۆلار، ئیتاڵیا ٤٩.٣ملیار دۆلار، ئوسترالیا ٤٥ملیار دۆلار، ئەڵمانیا ٤٣ملیار دۆلار، ژاپۆن ٤١.١ملیار دۆلار و، چین ٤٠.٣ملیار دۆلار.
بێگومان لە ساڵی ٢٠٢٠ گەشتوگوزار لە هەموو جیهان بەرەوپاش چوو، زەربێکی کوشندە بەو وڵاتانە کەوت کە سەرچاوەی سەرەکی وڵاتەکەیان گەشتوگوزارە، بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی ٢٠٢١ کەرتی گەشتوگوزار بووژایەوە و کەوتەوە سەر پێی خۆی.
لە عێراق و بە تایبەتی کوردستان کەرتی گەشتوگوزار بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیووە، چونکە جگە لە بووژانەوەی وڵات چەندان هەلی کار دەرەخسێنێت.
ساڵی 2021 زیاتر لە چوارملیۆن گەشتیار سەردانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ رێک 4.093.888 گەشتیار کە زۆرینەیان لە ناوچەکانی خوارووی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
پارێزگای هەولێر لە پلەی یەکەمی سەردانی گەشتیاراندا دێت و بە ڕێژەی %48 گەشتیاران سەردانیان کردووە کە ژمارەیان، ملیۆنێک و 975هزار گهشتیار بووە.
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە پلەی دووەمدان ڕێژەی %34 گەشتیاران سەردانیان کردووە، ملیۆنێک و 375هەزار گەشتیار بوون.
پارێزگای دهۆک لە ڕیزبەندی سێیەمدایە بە ڕێژەی %18 گەشتیاران سەردانیان کردووە کە دەکاتە 754هەزار گەشتیار.
بەگوێرەی نوێترین لێکدانەوەکانی رێکخراوی گەشتوگوزار، لەو دوو ساڵەدا کەرتی گەشتوگوزار چوارترلیۆن دۆلار زەرەری کردووە، بە یەکێک لە زەرەرمەندترین کەرتەکان دادەنرێت کە کۆرۆنا کاری تێکردبێ.