ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەتەر هاوئاهەنگیی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان دەکات

وەک مێدیاکانی وڵاتی قەتەر ئاماژەی بۆ دەکەن، محەمەد ئەلکەواری، جێگری یەکەمی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەتەر لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کە محەمەد شوکری سەرۆکایەتیی دەکات، گفتوگۆی گەشەپێدانی هاوئاهەنگییەکانیان کردووە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو دیدارە لە دەوحە بە ئامادەبوونی پیاوانی کاری هەردوولا و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ڕێک خرا، بەپێی بەیاننامەیەکی ژووری قەتەر، دووپات لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەنێوان هەردوولا کرایەوە، هاوکات خستنەڕووی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی قەتەر.

مێدیاکانی قەتەر دەڵێن: لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە ڕێکخستنی کۆڕبەندێکی کار لە هەرێمی کوردستان کرا، لەگەڵ تواناکانی دروستکردنی ئەنجوومەنی کار کە پیاوانی کاری هەردوو وڵات لەخۆ بگرێت کە بتوانن پەیوەندییەکان پتەوتر بکەن.

بەپێی مێدیای قەتەری، محەمەد ئەلکەواری، جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەتەر سەردانی پیاوانی کاری هەرێمی کوردستان و قەتەری بە گرنگ زانی بۆ پشتیوانیی وەبەرهێنان و ئەو ژینگەیەی لە هەردوو وڵات لەبارە بۆ وەبەرهێنان، هاوکات وێنەیەکی ڕوونی لەبارەی ئاسانکارییەکانی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ کاری وەبەرهێنان.

محەمەد ئەلکەواری زیاتر گوتی: هەرێمی کوردستان دەرفەتی وەبەرهێنانی زۆری تێدایە لە تەواوی کەرتەکاندا کە قەتەر دەتوانێت کاری تێدا بکات چونکە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی ئارامی تێدایە.

محەمەد ئەلکەواری داوای لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمپانیاکانی قەتەردا بکەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی هاوبەش لە قەتەر بکەن.

مێدیای قەتەر دەڵێت: لەبەرامبەردا محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەی کرد بۆ وڵاتی قەتەر کە دەیانەوێت دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان لەو وڵاتە بخەنە ڕوو، هاوکات بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە قەتەریش ئاشنا بن، گوتیشی: دەستەکەیان هانی وەبەرهێنەران دەدات لە دەرەوەی وڵات وەبەرهێنان بکەن و هاوئاهەنگیش لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرەوە بکەن.

محەمەد شوکری ئاماژەی بەوەش کردووە کە، توێژینەوە لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، داوای لە وەبەرهێنەرانی قەتەریش کرد بێنە کوردستان و بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ئاشنا بن.

ھەواڵی زیاتر