سوودانی و پزیشکیان چوار تەوەر تاوتوێ دەکەن

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سوودانی و پزیکیشیانی ڕاگەیاند.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردەوە.

سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن سوودانییەوە پێشوازیی لێ کرا. سەرەتا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە و پاش کەمێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆ دەبێتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، “بارودۆخی ناوچەکە، شەڕی غەززە، پەرەپێدانی هاوکاریی بازرگانی، ئابووریی و ئەمنی و هاوبەشی لە ژمارەیەک کەرتی گەشەپێدان” تاوتوێ دەکەن.

چاوەڕێ دەکرێت پزیشکیان ژمارەیەک یاداشتنامەی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق واژۆ بکات. پێشتر سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران گوتبووی، دەیەوێت کارە لە پێشینەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی ژمارەیەک پارێزگای شیعەنشین دەکات و چاوەڕێ دەکرێت سبەینێ یان دووسبەی بگاتە هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر