ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا بە خەرجکردنی مووچە ڕاگیراوەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
10ـی ئەیلوولی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆ بووەوە. تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەکردنی ناردنی مووچە ڕاگیراوەکان.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەن بڕیاردرا بە خەرجکردنی مووچە ڕاگیراوەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو مووچەخۆرانە دەگرێتەوە کە وەزارەتی دارایی عیراق بەهۆی نەبوونی بایۆمەتری و بوونی دوو مووچە مووچەکانیانی ڕاگرتبوو، هەروەها ئەو مـووچەخۆرانەش دەگرێتەوە کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
ئەو سەرچاوەی ئەنجوومەن ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری ناردنی تەواوکاری مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمیشی دا، چونکە بۆ مووچەی مانگی 7 وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا 36 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو.