پڕۆژەی ئاوی هەولێر ستراتیجییە بەڵام پێویستی بە سیستم و ئیدارەدانی باش هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی ستراتیجیی پێوەندیدار بە ئاوی دانا کە دەگوترێ کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر تا سی ساڵی دیکە چارەسەر دەکات. ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی بە بێ سیستم و ئیدارەدانی ئاو، چوار پڕۆژەی دیکەش ناتوانن کێشەی ئاو چارەسەر بکەن.

دیزاینی پرۆژەی ئاوی هەولێر
بەپێی دیزاینی ئەو پڕۆژە نوێیە، پێداویستیی ئاوی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس دابین دەکرێ کە سێ قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم وەرگرتنی ئاو بە توانای بیست هەزار مەتر سێجا لە هەر سەعاتێکدا لە ڕووباری زێی گەورە کە ئەو ئاوە بۆ پڕۆژە سەرەکییەکە دەگوازرێتەوە کە بریتییە لە پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو بە چەند قۆناغێکی جیاواز بە پشتبەستن بە نوێترین و پێشکەوتووترین ستانداردەکانی جیهان و لە بیست کۆگاوە ئەو ئاوە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت.
لە قۆناغی سێیەمدا ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگای سەرەکی کە توانای گلدانەەی سەد هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و دواتر بۆ کۆمەڵێک کۆگای تر دەگوازرێتەوە و بە درێژیی پێنجسەد کیلۆمەتر هێڵی ئاو ڕادەکێشرێت و ڕووماڵی پێداویستی ئاوی هەولێر دەکات.

لەگەڵ پرۆژەکەدا چی پێویستە؟
ئەمەی دەکرێ پڕۆژەیەکی ستراتیجییە، بەڵام ئەگەر شانبەشانی ئەو گەشەپێدانە لە بەرهەمهێنانی ئاو پەرە بە ئیدارەدانی نەکرێت و تاک فێری بەکاربردنی ئاو نەبێت و دەستی پێوە نەگرێت و ئەوا حکوومەت چوار پڕۆژەی تری هاوشێوە بکاتەوە هێشتا ناتوانێت پێداویستییەکان بە تەواوی دابین بکات.
پێشتر هەر لەم ڕۆژنامەیە بەدواداچوون بۆ ئەوە کراوە کە تاکی کوردستان بە بێ ئەم پڕۆژەیە نوێیەش سێ هێندەی ستانداردی جیهانی ئاوی بۆ دابین کراوە کەچی بەشی نەکردووە.
ئاو بە گرنگترین سەرمایە و سامانی سروشتی هەژمار دەکرێ کە مرۆڤ دەستی کەوتووە بەڵام گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زێدەڕۆییەکانی مرۆڤ هەڕەشە لە ژیانی بەشێک لە دانیشتووانی وڵاتان دەکات.
وەک ئاشکرایە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆریان لە تەواوی وڵاتانی جیهان دروست کردووە، بیابانەکان زۆرتر بوون و باڵای ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە.
هەرێمی کوردستان بەدەر نەبووە لەو کاریگەرییانە و سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی بەڵام ساڵ بە ساڵ لە ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە و ئەو ڕووبارانەش کە لە ئێران و تورکیاوە سەرچاوە دەگرن ڕێڕەویان گۆڕدراوە و هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان کەمی کردووە.
ئاو بۆ مەبەستەکانی خواردنەوە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەکار دەهێنرێت و ئەوەی جێی تێڕامانە ئاوی خواردنەوەیە کە قەبارەیەکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت کەچی بەهۆی زێدەڕۆیی، پێداویستییەکان بە تەواوی پڕ ناکاتەوە و لە وەرزی هاویندا هەندێک گەڕەک تووشی کێشەی کەمئاوی دەبنەوە.

بەکارهێنانی ئاو لە کوردستان سێ هێندەی ئاستی پیویستە
هەر لەم هاوینەدا لە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە گشتی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەست بەو قەیرانە کرا کە هۆکارە سەرەکییەکەی نەبوونی ئاو نەبوو، بەڵکوو خراپیی ئیدارەدانی ئاو بوو، کۆڵانێک پڕ ئاو و کۆڵانێکی دیکە کەم ئاو گەڕەکێک تەڕ و گەڕەکێکی تر وشک بوو.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕۆژانە لە ڕێی پڕۆژەکانی وەک بیر و کانیاو و وێستگە ستراتیجییەکان دوو ملیۆن و هەشت سەد و حەفتا و شەش هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنرێت.
پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز یەک و دوو و سێی هەولێر، پڕۆژەی ئاوی دوکان دووی سلێمانی و پڕۆژەی ئاوی خراب دێم لە دهۆک و پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە-سەید سادق لە پڕۆژە گرینگەکانی بەرهەمهێنانی ئاون و جگە لەمانە لە ڕێی پێنج هەزار و چوار سەد و سێزدە بیر ئاو دەردەهێنرێت و لە هەشت سەد و شێست و یەک کانیاوەوە ئاو بۆ گوند و ناوچەکان دابین کراوە، ئەمە جگە لە دەیان پڕۆژەیی بچووک و مامناوەندی تر.
ئەوەی جێی سەرنجە تاکی هەرێمی کوردستان دوو هێندەی تاکی وڵاتانی دەوروبەر و سێ هێندەی ستانداردی جیهانی ئاوی خواردنەوە بەکار دەهێنێت. لە هەرێمی کوردستان تێکڕای ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێک پێنجسەد لیترە لە کاتێکدا بە گوێرەی ستانداردی وڵاتانی دەوروبەر، بڕی ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێک دووسەد تا دووسەد و پەنجا لیترە.
رێکخراوی who بڕی ئاوی دابینکراو بۆ هەر تاکێکی بە سەد و شەست تا دوو سەد لیتر داناوە و بەمەش دەردەکەوێ بەکاربردنی ئاوی خواردنەوەی لە هەرێم دوو هێندەی وڵاتانی دەوروبەر و نزیکەی سێ هێندەی ستانداردی جیهانییە.

هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سامانی ئاو
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێی بەستنی پێوەری ئاو هەوڵی داوە پێش بە بەفیڕۆدانی بگرێت بەڵام هێشتا کێشە لە ئیدارەدانی ئاو بەدی دەکرێت. ژمارەی هاوبەشەکانی ئاوی کوردستان سەرووی ملیۆنێک و دووسەد هەزارە و هێشتا ئاو بە لێشاو بەکار دەهێنرێت و هیچ کام لە ڕێکارەکان نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕێ لە بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە بگرن و بۆیەش نێوەنێوە قەیرانی ئاو لە هەندێک گەڕەک و ناوچە سەرهەڵدەدات.

گرنگترین دەستکەوتی پرۆژە نوێیەکە
لەدوای تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەی هەولێر ئەوا بەرهەمی ئاوی هەولێر زیاتر لە دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و گرنگترین دەستکەوتی ئەو پڕۆژە نوێیە ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی سیستمێکی ڕێکوپێکی دابەشکردنی ئاو و ڕێگەنەدان بە بەفیڕۆدانی ئاو، سەرجەم ئەو بیرانە دابخرێن کە ئاو لە ژێر زەوی دەردەهێنن و بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی سامانی ئاوی ژێر زەوی.
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا سامانی ئاوی ژێر زەوی هەولێر، بەردەوام ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە و بەردەوام لە قەد و باڵای ئاوەکە دابەزیوە و ئەمەش مەترسیدارە بۆسەر سامانی ئاوی ژێر زەوی و ئیتر دۆخەکە ئەوە دەخوازێت ئاوڕی جیددی لەو کەرتە بدرێتەوە و ئەو سامانە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێت.
دەشتی هەولێر کە بە یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی ئاوی ژێر زەوی هەژمار دەکرا، ئاستی ئاوەکەی بەگشتی لەماوەی پازدە ساڵدا ساڵدا بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزی. بۆ نموونە لە پیرداود لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەگەر حەڤدە مەتر زەوی هەڵکەندرابا ئەوا دەگەیشتیە ئاوی خواردنەوە، بەڵام بەپێی پشکنینێک کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجام درابوو دەبوایە شەست و نۆ مەتر هەڵکەندرێت بۆ ئەوەی بە ئاوی خواردنەوە بگەی بەو پێیە لەو ناوچەیە پەنجا و دوو مەتر باڵای ئاوی ژێر زەوی لە کورتی داوە و ئەگەر نۆ ساڵی ڕابردووش لەبەرچاو بگیرێت ئەوا دیسان بالای ئاوەکە لە کورتی داوە.
ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە نێو شاری هەولێر بە هۆی ئەو ژمارە زۆرە بیرەی بۆ دابینکردنی ئاو لێدراون دابەزیوە. لە گەڕەکی باداوەی هەولێر لە ماوەی دە ساڵدا ئاستی ئاو بیست و دوو مەتر دابەزی، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەبوایە حەفتا و هەشت مەتر لێبدرێت بۆ ئەوەی بە ئاوی خواردنەوە بگەی بەڵام ئامارەکە دوای دە ساڵ بەو ئەنجامە گەیشت دەبێ سەد مەتر هەڵکەندرێ تا بە ئاو بگەی و ئێستە دوای نۆ ساڵی دیکە دەبێ زۆر زیاتر هەڵکەنرێت تا بە ئاوی خواردنەوە بگەی و هەر بۆیەش ژمارەیەک لە بیرەکان وشک بوون یان ئاوەکەیان کەمی کردووە.
پڕۆژەکەی هەولێر زۆر گرنگ و ستراتیجییە و ئەو پێویستییە هەنووکەییە هاتووەتە کایەوە هاوشێوەی وڵاتان لە ئێستەوە فێری بەکاربردنی ئاو و پاراستنی ئەو سەرچاوەی ژیان بین کە لەمەودوا زۆربەی وڵاتان بەدەست کەمییەکەی دەناڵێنن.

ھەواڵی زیاتر