پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری بە 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت

پرۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی لە ڕۆژێكدا هەیە
– ئاوی قەزای قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە ٦٠ گوند دابین دەكات

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن، كە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی ٧٢ هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە.
پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت، كە كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوژمەی پرۆژەكە ١٨٩ ملیار و ٦٧٠ ملیۆن دینارە و بەمزووانە دەست بە كارەكانی دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لە ماوەیەكی كەمدا تەواو بكرێت.
پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، یەكێكە لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجەكەی بۆ تەرخان دەكرێت و سەرچاوەی ئاوەكەی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگی و توانای بەرهەمهێنانی ئاو لەلایەن پرۆژەكەوە دەڵێت: پرۆژەكە پێكهاتووە لە سێ خەزانی گەورەی ئاو، یەكێك لەو خەزانانە لە سنووری بیستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە. بەگشتی پرۆژەكە كێشەی كەمئاوی لە قوشتەپە و بیستانە و زیاتر لە ٦٠ گوندی سنوورەكە بە تەواوەتی چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی بووژانەوە و ئاوەدانیی ئەو گوندانە و بەردەوامی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو سنوورە فراوانەی دەوروبەری هەولێر، جگە لەوەی كێشەی كەمئاوی لە قەزای قوشتەپە و بێستانە و گوندەكانی ئەو سنوورە، بە تەواوەتی چارەسەر دەكات، هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پرۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاويیان هەیە دەكەونە سنووری ئەو پرۆژەیەوە.

ھەواڵی زیاتر