لە سەر فەرمانى مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، بە هاوکاریکردنى زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەری ههولێر، بە ئامادەبوونى د.پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگای ههولێر و د.ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم و عیسا ئەحمەد، نوێنەرى نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم و جێگرانى پارێزگارى هەولێر و نوێنەرى لقى2ى پارتى و قائیمقامى ناوەندى و سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا و بەڕێوەبەرى شارەوانى یەک، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، هاوکاریی دارایی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، وەک پشتیوانیەکى كاسبكاران بەسەر زیانلێکەوتووەکانی بازاڕی قەیسەری دابەشکرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بەوەدا کە سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە هەموولایەک زیاتر پەرۆش بوو بۆ ئاشكراكردنی بكهرانی تاوانى سوتاندنى بازاڕى قەیسەرى و هاوكاریکردن و پشتیوانیکردنى كاسبكاران، سوپاس بۆ خودا تاوانباران ئێستا دەسگیرکراون و ناسنامەیان ئاشکرایە کێ بوون، ئێستاش دەستکراوە بە هاوکاریکردنى ئێوە، ئەوەى پێشکەشتان دەکرێت هاوکارى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، بۆیە بە ناوى ئێوە و بە ناوى خۆمانەوە زۆر سوپاسى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ هاوکارییەکە و پیرۆزباییش لە ئێوە دەکەین، ئومێدەوارین ئەوەى ئەمڕۆ پێتان دەدرێت ببێتە بەشێک لە قەرەبووى ئەو زیانەی کە لێتان کەوتووە، هەروەها سوپاسى هەموو ئەوانەش دەکەین کە هاوکارمان بوونە.
پارێزگارى هەولێر هەروەها گوتى، پڕۆسەى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى زۆر بەباشى کارى تێدا دەکرێت، هیوادارین لە زووترین کاتدا کارەکان بە کۆتا بێت و قەیسەرى بگەڕێتەوە سەر دوخی جارانی و ئێوەش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتى خۆتان.
دواتر وەزیرى ئەوقاف، ڕایگەیاند، جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەمی هەمووتان بووە و لە نزیکەوە بە دواداچوونى بۆ کارەکان دەکرد و بەردەوام هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپاردووە پرۆسەی چاکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری خێراتر بکەن و هەوڵبدرێت بازاڕەکە زوو بکرێتەوە. بەڵگەش بۆ ئەوە دووجار سەردانی کردن، بەو هیوایەن لە زوترین کات کارەکانى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى بەکۆتا بێت و ئێوەش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتی خۆتان.
جێگەى باسە، دابهشكردنی هاوكاری سەرۆکى حکوومەتى هەرێم دوای ئهوه دێت كه بۆ جاری دووهم مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان سهردانی بازاڕی قهیسهری ههولێری كرد و فەرمانیدا بە هاوکاریکردنى دواکاندارانى بازاڕەکە، سەرەڕای ئەو هاوکارییەى سەرۆکى حکوومەت کە ئەمشەو پێشکەش بە دوکاندارانى بازاڕکە کرا، کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، زیانلێکەوتووانى بازاڕەکە بۆ ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك بەخشراون، هەروەها لە باجی 2023 بە رێژەی 50% و لە باجی 2024 یش بە رێژەی 100% بەخشراون، دواى تەواوکردنى ئەوهاوکارییەش دەست دەکرێت بە هاوکاریکردنى دوكاندارانی بازاڕەكانی لەنگە و شێخەڵا، كە دوكانیان سوتابوو بە بڕی( 2 ملیۆن دینار )، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆ ئەوانیش ماوەی ساڵێك لە باج و پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك بەخشراون.