هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

وەزارەتی دارایی: هەولێر و بەغدا هاوڕابوون لەسەر چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە كۆبوونەوەكانی نێوان ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەولێر باش بوونە و دەرئەنجامەكەشی لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران و خانەنشیانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەری کێشە ئابووری و داراییەکان لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.

لەکۆبوونەوەکە هەریەک لە فواد حسێن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و عەمار سوبحی خەڵەف سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەی بوون.

وەزارەتی دارایی سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، رایگەیاند: کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابوورییان هەیە لە سەر بنەمای یاسا و دەستوور.

راشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵە سنوورییەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردوولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە کۆبوونەوەکان سبەی دووشەممەش درێژەیان هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.