هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

جوتیار عادل: کێشەکانی دواكه‌وتنی 200 ملیاره‌كه‌ زۆرجار هونه‌رین و هه‌ندێ جاریش سیاسین

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، كێشه‌كانی ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ هه‌ندێ جار هونه‌رین، یاخوود سیاسین.

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشبینی ده‌كرێت شه‌پۆلێكی نوێی ڤایرۆس له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاوببێته‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆبووه‌وه‌.

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌رچوون، پشتی به‌ راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی به‌ستووه‌.

گوته‌بێژی حكوومه‌ت له‌باره‌ی ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ ده‌ڵێت: “به‌ گوێره‌ی دواین پێشهاته‌كان، 200 ملیاره‌كه‌ی مانگی 12ـی ساڵی 2021 په‌سه‌ند كراوه‌. گوتیشی: “بۆ ئه‌مه‌ دیوانی چاودێری ئیتیحادی و هه‌رێمی كوردستان بۆ وردبینیكردنی خه‌رجی و داهاته‌كان سه‌ردانی هه‌ولێریانكردووه‌، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رگای واڵایه‌ بۆ ته‌واوی داواكارییه‌كانی به‌غدا”.

جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌، دواكه‌وتنی 200 ملیاره‌كه‌ زۆرجار كێشه‌كان هونه‌رین، هه‌ندێ جاریش سیاسین.