تەندروستی هەولێر: ئاگرەكەی ئەمڕۆی نەخۆشخانەی رزگاری كاریگەری لەسەر دابینكردنی ئۆكسجین ناكات

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر جەختی كردەوە كە ئاگرەكەی ئەمڕۆی نەخۆشخانەی رزگاری، كاریگەری لەسەر دابینكردنی بوتڵی ئۆكسجین ناكات و سەرچاوەی تریان هەیە.

ئەمڕۆ یەكشەممە حاڵەتێکی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆڕتی کارەبا لە کارگەی ئۆکسجینی نەخۆشخانەی ڕزگاری كەوتەوە و دەستبەجێ تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.

بەهۆی رووداوی كەوتنەوەی ئاگرەكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوون لە هۆکاری ئاگرەکە و چارەسەرکردنی لە دووبارەنەبوونەوەی.

تەندروستی هەولێر جەختیشی كردەوە كە كەوتنەوەی ئاگرەكە هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر کارەکانی نەخۆشخانە و هەروەها دابینكردنی ئۆكسجین بۆ نەخۆشخانەكە، چونكە جگە لە ئەم كارگەیە، نەخۆشخانەی رزگاری سەرچاوەی تری بۆ ئۆکسجینی شل و بوتڵی ئۆکسجین هەیە.

ھەواڵی زیاتر