کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر دەستی پێ کرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، پێشوازیی لە شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیران کرد.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە، بودجە، ڕێگریی بازگەکانی حکوومەتی عێراق لە هەناردەکردنی بەرووبوومی جووتیاران، باج و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
د. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزارەیی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر “هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنییە” بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەندامانی شاندەکەی ئەنجوومـەنی وەزاریی ئابووریی عێراق:
1. فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
2. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق.
3. تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
4. عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق.
5. ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانیی عێراق.
6. ئەحمەد جاسم سابر، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق.
7. حەمید نەعیم، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
8. فەیسەڵ وسام، سەرۆکی دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق.
9. عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق.
10. ئەحمەد عەبدولجەبار، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان.
11. میساق عەبدولحوسێن، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
12. عەباس نەسروڵڵا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی عێراق.