یەكێتی ئەورووپا نیگەرانە

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی رووسیا، ئاشكرای دەكات كە توركیا بەفەرمی داوای كردووە ببێتە ئەندامی بریکس (BRICS)، ئەم داوایەی توركیاش دوای ئەوە هات، كە بێئومێد بووە لە ئەندامبوون لە یەكێتیی ئەورووپا.

ماوەیەكە دەنگۆیەك لە میدیاكانی توركیا و ئەورووپا بڵاو كرابووەوە كە توركیا داوای كردووە ببێتە ئەندامی بریکس. یوری وشاكۆڤ، راوێژكاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی ڤلادیمیر پوتین سەركۆماری رووسیا، ئەو دەنگۆیەی پشتڕاست كردەوە.
یوری، قسەی بۆ ئاژانسی (RIA) روسی كردووە و دەڵێت: ”توركیا بە فەرمی داوای كردووە ببێتە ئەندامی BRICS، ئێمەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین“
رووسیا سەرۆكایەتیی بریکس دەكات، بڕیارە لە ٢٢ تا ٢٤ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٤، كۆبوونەوەیەكی لوتكە لە كۆماری تەتەرستاندا گرێ بدات، یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە، چۆنییەتی فراوانكردنی.
بەگوێرەی گوتەی ئەو بەرپرسەی روسیا، BRICS داوای لە ئەردۆغان كردبوو بەشداری كۆبوونەوەی لوتكەی BRICS بكات، ئەردۆغانیش داوەتەكەی قبوڵ كردووە.
هەروەها ئاژانسی (بلوومبێرگ) بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسانی یەكێتی ئەورووپا ئاگادارن كە توركیا بەنیازی كارێكی لەو شێوەیەیە، بۆیە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیایان ئاگادار كردووە، كە یەكێتی ئەورووپا نیگەرانە لەو هەنگاوەی توركیا، چونگە دەچێتە ئەو بەرەیەی دژی ناتۆ و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئەرووپان.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە، پشتڕاستی دەكاتەوە كە توركیا بە فەرمی داوای كردووە ببێتە ئەندامی بریکس، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ پێشوەچوونێك لەو پڕۆسەیە رووی نەداوە و هەركاتێك پێشوەچوون هەبوو، رای گشتی لێ ئاگادار دەكەنەوە.
چەلیك، پێیوایە توركیا بەئاشكرا داوای كردووە ببێتە ئەندام لە بریکس، چونكە ئەندامبوونی توركیا لەو رێكخراوە زۆر گرنگە.
بریکس چییە و بۆ گرنگە؟
ساڵی ٢٠٠٦ بریکس دامەزرا، ئامانجیش لە دروستبوونی گرنكی ئەو وڵاتانە بوو لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، كە (چین، بەرازیل، هیندستان و رووسیا) پێكیان هێنا. ناوی ئەو گروپەش بە BRICS، كورتكراوەی ناوی ئەو چوار وڵاتەیە بە ئینگلیزی و لە ٢٠١١ باكووری ئەفریقیاش بووە ئەندام، بۆیە پیتی (ئێس)ــی پێ زیاد كرا.
بە هۆی گرنگی ئەو رێكخراوە لەڕووی ئابوورییەوە، میسر، ئێران، ئیمارات و سعوودیاش بوونە ئەندامی BRICS.
ئەرژەنتین یەكێك بوو لەو وڵاتانەی داوای كردبوو ببێتە ئەندام، بەڵام بڕیاری كشانەوەی دا و رەتی كردووە داوای ئەندامی بكات.
جیا لە توركیا، هەریەك لە ئازەربێجان و تایلاند، داوایان كردووە ببنە ئەندام، بەڵام بەئەرێنی وەڵام نەدراونەتەوە.
ساڵانە BRICS كۆبوونەوەی لوتكە ئەنجام دەدات، هەروەها هەر ساڵە و سەرۆكایەتی BRICS دەدرێتە وڵاتێك.
BRICS زۆر گرنگە، چونكە چین و روسیا، دوو وڵاتی زۆر بەهێزن لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە، هەروەها لە ئەمریكای لاتینیش بەڕازیل ئەندامە، كە وڵاتێكی یەكجار گەورە و گرنگە. ئەو وڵاتانەی ئەندامن، رێژەی دانیشتوانیان ٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆنە، واتە ٤٥٪ی دانیشتوانی جیهان.
لەڕووی ئابوورییەوە ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە BRICS، ئابوورییان ٢٨ تڕلیۆن و ٥ ملیار دۆلارە، ئەمەش دەریدەخات كە ٢٨٪ی تەواوی ئابووریی جیهان پێكدەهێنن.
لەهەمان كاندا، ئەندامانی BRICS ٤٤٪ی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنن و ئامانجیانە گەشە بە ئابووریی خۆیان بدەن و ببنە جێگیرەوەی یەكێتی ئەورووپا.

ھەواڵی زیاتر