بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پرۆژەی دیکە ئاو لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن

بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو پرۆژەی دیکەی تایبەت بە ئاو لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێن. 

یەکشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، ڕایگەیاند، بێجگە لەم پرۆژەیە کە کێشەی کەمئاوی لە هەولێر ناهێڵێت؛ داوای کردووە دوو پرۆژەی دیکەی ئاو لە سنووری پارێزگاکە جێ بەجێ بکرێن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی دیکەی “گرنگ و ستراتیجیی” ئاو بۆ سنووری قۆشتەپە و گوندەکانی دەوروبەری دەست پێ بکرێت کە ئاو لە زێی بچووک دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: بێجگە لە پرۆژەکەی قوشتەپە، داوام کردووە هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ریسایکلینی ئاوی هەولێر بکرێت. لە ڕێگەی پرۆژەکەوە کار بۆ بەکارهێنانەوەی ئەو ئاوە دەکرێت کە لە شاری هەولێر دەردەچێت؛ بەمەش ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین و هەمیش ئاوەکە بۆ بواری پارک و سەوزایی بەکار دەهێندرێتەوە.

وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەی ئاو لە سنووری پارێزگای هەولێر، “سەدان بیری ئاو دادەخین و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە “هەست بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دەڤەرەکەمان دەکەین، بۆیە لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستکردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیاواز کردووە. لەم هەنگاوانەمان بەردەوام دەبین تاوەکوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بدەین”.

مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت “پەرە بە فەرهەنگ و هۆشیاریی چۆنییەتی بەکارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ یەک تاکەکەس لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە، بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵکیش ڕەچاوی ئەوە بکەن، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەن”.

ھەواڵی زیاتر