سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: تا 30 ساڵی دیکە کێشەی کەمئاوی لە هەولێر نامێنێت

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە جێبەجێکردنی پرۆژەیەک، کێشەی کەمئاوی تا 30 ساڵی دیکە لە پارێزگای هەولێر نامێنێت. ڕوونیشی کردەوە، بەشێکی لایەنەکان، کێشەکەیان کردووەتە “کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی”. 

یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا. 

پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پرۆژەکەی بە “یەکێک لە پێویستیترین و گرنگترین پرۆژەکانی کوردستان” ناو برد و گوتی، “هەولێری پایتەخت چەندان ساڵە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی هەیە، چەندین ساڵ بوو، بڕیار بوو کۆمپانیایەکی بیانی، پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست هەنگاوی کردەیی بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە بنێت، بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای کۆرۆنا، وێڕای هەموو گرفت و کۆسپەکان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگا پەیوندیدارەکانم ڕاسپارد، بە زووترین کات ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. لە دوا هەنگاودا، بڕیارم دا ئەم بابەتە چی تر دوانەکەوێت و داوام کرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەکو پرۆژەیەکی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەی کێشەی کەمئاوی پایتەخت دەست پێ بکات”.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ كێشەی کەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کێشەکە چارە بکەن. “بەڵام بەداخەوە، هەندێک لایەن هەوڵیان دا کێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەکانی خەڵک، بکەن بە کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی کەمئاوی بە چەند تانکەرێکی ئاو چارە ناکرێت، بەڵکوو پێویستە پرۆژەیەکی وەکوو ئەمە بخرێتە گەڕ کە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر”.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر “بە قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، هەولێر کێشەی کەمئاوی نابێت. داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێک بخرێتەوە تاوەکوو بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیەندرێت”.

مەسرور بارزانی ڕوونیشی کردەوە، داوای کردووە پرۆژەیەکی دیکەی ئاو بۆ سنووری قۆشتەپە و گوندەکانی دەوروبەری دەست پێ بکرێت کە ئاو لە زێی بچووک دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. وەکو خۆی گوتی: بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەش سەدان بیری ئاو دادەخین؛ ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی.

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستە ڕوو، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ریسایکلینی ئاو بکرێت “واتا کار بۆ بەکارهێنانەوەی ئەو ئاوە بکرێت کە لە شاری هەولێر دەردەچێت؛ بەم ڕێگەیەش ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین و هەمیش ئاوەکە بۆ بواری پارک و سەوزایی بەکار دەهێندرێتەوە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە “هەست بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دەڤەرەکەمان دەکەین، بۆیە لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستکردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیاواز کردووە. لەم هەنگاوانەمان بەردەوام دەبین تاوەکوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بدەین”.

مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت “پەرە بە فەرهەنگ و هۆشیاریی چۆنییەتی بەکارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ یەک تاکەکەس لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە، بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵکیش ڕەچاوی ئەوە بکەن، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەن”.

مەسرور بارزانی گوتی، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، “لەلایەن کۆمپانیای باوەڕپێکراوی ناوخۆ، واتا هێمن گرووپەوە جێ بەجێ دەکرێت. تا ئێستا کارەکانیان لە ڕووی کواڵێتی و خێرای جێگەی پەسەند بووە، تا ئێستا خۆم دوو جار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزاین و جێبەجێکردنی پرۆژەکەم کردووە و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆژە گرنگەیە. لەو باوەڕەیەدام پرۆژەکە لە ماوەی کاتێکی گونجاودا دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێردا”.

ھەواڵی زیاتر