حدکا: ئاسایشی سلێمانی بێهزاد خوسرەوی ڕادەستی ئیتڵاعاتی سنە کردووە

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت: ئاسایشی سلێمانی، ئەندامێکیانی بە ناوی “بێهزاد خوسرەوی” بە شێوەیەکی “نایاسایی” ڕادەستی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە کردووە.

شەممە، 07-09-2024، ناوەندی تەشکیلاتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەم شارە دوو جار بانگ کراوە و جاری دووهەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، هۆی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پەیوەندییەکی بە تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە.

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت: پێچەوانەی ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان، ناوی تۆمار کردوە”.

حدکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەی حەوت ساڵە بێهزاد خوسرەوی و بنەماڵەکەی “ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە دادگا و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت”.

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران “مەحکووم دەکات” و ڕایدەگەنێت “دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبووایە بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا”.

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی زیاتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکات.

ھەواڵی زیاتر