وڵاتێکی ئەفریقا بۆ دابینکردنی خۆراکی دانیشتووان زیاتر لە 700 ئاژەڵی کێوی سەردەبڕێت

وەزارەتی ژینگەی نامیبیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستیکردووە بە سەربڕینی زیاتر لە 700 ئاژەڵی کێوی، کە لە ڕەگەزی جیاواز وەکو فیل و گامێش و گوێدرێژی کێوی ‘زێبرا’ و ئەسپی ئاوی، بۆ ئەوەی دانیشتووانەکەی لە گۆشتەکەی بخۆن، چونکە بەدەست برسێتی و وشکەساڵی گیرۆدەن.

هەفتەی ڕابردوو حکوومەت ڕایگەیاند، نزیکەی 160 ئاژەڵ لەناوبراون وەک بەشێک لەو ڕێوشوێنە، کە جگە لە دابینکردنی گۆشت بۆ هەزاران کەس، کەمکردنەوەی فشاریشە لەسەر سامانی ئاژەڵ و لەوەڕگاکان کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕاوچییە پیشەگەرەکان 30 ئەسپی ئاوی و 83 فیل و 60 گامێشیان کوشت و 100 گامێشی شینی کێوی و 300 زێبرا و 100 ئێلاند و 50 ئاسک. کە زۆربەی ئەم ئاژەڵانە لە پارکە نەتەوەییە پارێزراوەکانی وڵاتدا دەژین.

دوێنی سێشەممە، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی نامیبیا ڕۆمیۆ مویوندا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لانی کەم لەو 723 ئاژەڵە 157یان سەربڕدراون.

ڕاشیگەیاند، کە سەربڕینی 157 ئاژەڵی یەکەم وایکردووە “56 هەزار و 875 کیلۆگرام گۆشت دابین کراوە”.

گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتیشی: “ئامانجمان ئەوەیە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام بدەین و لە هەمان کاتدا دۆخە ناوخۆشەکە کەمبکەینەوە، هەروەها دەبێت ئەو ئاژەڵانەی کە پێویستیان بە ڕاوکردن هەیە جیابکەینەوە.”

بەگوێرەی قەدەغەکردنی بازرگانی شاخەکانی فیل لە جیهاندا، شاخی فیلە سەربڕاوەکان لە کۆگاکانی حکوومەت هەڵدەگیرێت.

نامیبیا لە مانگی ئایاردا باری نائاسایی ڕاگەیاند بەهۆی وشکەساڵی کە کاریگەری لەسەر ژمارەیەک لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا هەبووە.

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە نزیکەی 1.4 ملیۆن نامیبی کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانن بە دەست نا ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، هەروەها بەرهەمی دانەوێڵە بە رێژەی لەسەدا 53  دابەزیوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکانیش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەسەدا 70 دابەزیوە.

ھەواڵی زیاتر