پارێزگای هه‌ولێر ماوەی پێدانی ڤاکسینی دژه كۆرۆنا تا 20ی ئه‌م مانگه درێژدهكاتەوە
ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بۆجێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوەو بڕیاریدا، ماوەی پێدانی ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژبکرێتەوەو “پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگەو دام و دەزگاکانی حکومی لەسنوری پارێزگای هەولێر بەھێزەکانی ناوخۆ‌و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.”
ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه:
ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر، بۆجێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوە
ئەمشەو سێشەمە 2022.1.4، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا، بۆجێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبۆوە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:-
یه‌كه‌م/ ماوەی پێدانی ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانی حکومی لەسنووری پارێزگای هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێککەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
دووەم/ ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران، ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینی خێرای کۆرۆنا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و مەرزی حاجی ئۆمەران بۆیان ئەنجامدەدرێت.
سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان چاودێری دەکەن.
چواره‌م/ دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەی لەشارەکانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی هەولێر پایتەخت دەکەن پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەی 72 کاتژمێری تێپەڕنەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانی گەشتیاری بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.
پێنجەم/ سه‌رجه‌م کارمەندانی فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، کارمەندانی کەرتی تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه، یانەی شەوانە، هۆڵ) ده‌بێت ڤاکسین وەرگرن و ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تی به‌ستنی (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچاری ڕێکاری یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چادودێری دەکرێن.
شەشەم/ بۆ بابەتی پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەوقافی هەولێر ڕا‌سپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنامایی نوێی لەبارەوە دەربچێت.
حەوتەم/ ئەگەرچی لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماوە و جدین، بەتایبەتی مەترسییەکانی هاتنی (ئۆمی کۆرۆن) کەخێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتی گشتیی و پاراستنی خۆتان و ئازیزانتان پابەندنی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتی بەستنی (ماسک).
هەشتەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوی ئه‌و رێكارانه‌ی ژووری ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له هه‌ر شوێنێك پێویستی کرد رێكاره‌كان توندتربکەن.
نۆیەم/ ئه‌م رێكارانه له‌كاتژمێر 12ی ئه‌مشه‌و 4 له‌سه‌ر 5ی 1ی 2022 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر
2022.1.4