نرخی نەوت زیاتر دابەزی

نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دابەزینە گەورەکەی رۆژی رابردووی خۆی کە بووە هۆکار بۆ لەدەستدانی 4٪ی بەهاکەی.

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 37 سەنتی دیکە دابەزی و بە 73 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 41 سەنت دابەزی و یەک بەرمیل بە 69 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 4.4٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.

توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “دابەزینی نرخی نەوت بەردەوام بوو لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی ئەوەی ئەگەری چارەسەربوونی کێشەی کەمبوونەوەی نەوتی لیبیا هاتووەتە ئاراوە”.

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، “کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چین و ئەمریکا هۆکاری سەرەکی بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوتە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تاوەکو ئێستا”.

لە لیبیا کە ماوەی یەک هەفتەیە بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە وەستاوە، بەڵام ئێستا دوو لایەنی نەیار رێککەوتوون کە پێکەوە سەرۆکێک بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکە دابنێن کە کۆنترۆڵی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، ئەوەش نرخی نەوتی زیاتر دابەزاندووە.

ھەواڵی زیاتر