وەزیری پێشمەرگە دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە چاکسازیی بە ئەنجامی کۆتایی بگەیەنن لە پێناو بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی کوردستانی.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، سێشەممە3ـی ئەیلولی 2024، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە پێشوازیی لە کۆلۆنێڵ جۆن فۆستەر ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتە، لەو دیدارەدا کە عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و عەمید یاسین جەلال، بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی وەزیری پێشمەرگە ئامادەیبوون، وەزیری پێشمەرگە باسی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی چاکسازیی و گرفتەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەی کرد، هەروەها ڕایگەیاند: پێویستە چاکسازیی بە ئەنجامی کۆتایی بگەیەنن لە پێناو گەیشتن بە دامەزراندن و بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی کوردستانی کە پارێزەری خەڵک و خاکی کوردستان بێت.
هاوکات وەزیری پێشمەرگە،ستایشی پاڵپشتی بەردەوامی گەل و حکوومەتی بەریتانیای کرد لە ڕێگەی ڕاوێژکارە سەربازیی و دیبلۆماتیەکانی کە هەمیشە پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون لە سەرجەم قۆناغەکاندا، بەتایبەت لە پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە بەرامبەردا کۆڵۆنێڵ فۆستەر، ئامادەی وڵاتەکەی نیشاندا لە بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانی زیاتری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاشیگەیاند: بنیاتنانی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە، پارێزگاریی لە خاکی کوردستان و ناوچەکەش دەکات لە هەر مەترسییەک لە ئێستا و ئایندەدا کە ڕووبەرووی ببێتەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانین لەم پێناوەدا پاڵپشت و پشتیوانتانبین.