کونسوڵی ئەمەریکا: پێشوازیی لەو پێشکەوتنانە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێن

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر، پاراستنی ئازادییە گشتییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ تاوتوێ دەکەن.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمەریکا بەتایبەتی لە هاوبەشکردنی زانیارییەکانی بواری مافی مرۆڤ، ئەمەش لە ڕاپۆرتی ساڵانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربارەی مافی مرۆڤ و ئازادییە ئایینییەکان بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا.

بە گوتەی زێباری، “لە کۆبوونەوەکەدا تیشکمان خستە پڕۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی حکوومەت لە بوارە جیاوازەکانی حوکمڕانیی باش، لەوانەش پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2011-2025) کە لە کابینەی نۆیەمدا پەسەند کراوە وبەپێی دوایین ڕاپۆرتی پلانەکە ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی بۆ سەدا 74.1 بەرزبووەتەوە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پرسی مافەکانی مرۆڤ.

لەلایەن خۆیەوە ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند “لە کونسوڵخانی ئەمەریکا پێشوازیی لەو پێشکەوتنانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆر و بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێم دەبنەوە”.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان گوتی: لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا ئاماژەمان بە گرنگی هەماهەنگیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کرد لە پرسی مافەکانی مرۆڤ وەک بەشداری نووسینگەکەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە میانەی شاندەکانی حکومەتی فیدڕاڵ لە بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەرفەتێکە بۆ خستنەڕووی  دەستکەوتەکانی هەرێم وەک نموونەیەکی باشی حوکمڕانی، پێشکەوتن و ئاوەدانی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، ئەمەش کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر راپۆڕتەکانی حکومەتی فیدراڵیش هەیە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی بۆ کونسوڵی ئەمەریکا باس کرد “هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان و سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان یەکێکی ترە لەو هەنگاوانەی کە جێی پێزانینە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەڵەتییەوە.”

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە هەردوو لا باسیان لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و پرۆسەی ڕادەستکردنی و بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی داعش لە هەولێر و دهۆک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی بەرەنگار بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان و کۆنترۆڵ کردنی و ئەو تەحەدیاتانەی لەم بارەوە رووبەڕووی حکومەتی هەرێم دەبنەوە ئاماژەیان پێ کرا.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری ئەوەی خستەڕوو، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگییان بۆ پێشخستنی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئازادییە گشتییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

ھەواڵی زیاتر