ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم:هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكانە، سەرۆك بارزانی فاكتەرێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی ئەو پێكەوەژیانە. دەشڵێ: لە عێراق گرنگی بە پێكهاتەكان نادرێت، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێم زۆر گرنگی بە پێكهاتەكان دەدات و وەزارەتێك هەیە بەناوی كاروباری پێكهاتەكان بەردەوام بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانیان دەكات.

لە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015ی پاراستنی مافی پێكهاتەكان، باسی پێكهاتەكان كراوە توركمان، كلد، ئاشووریی و سریانی، هەروەها پێكهاتە ئایینییەكانیش بریتییە لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەك، كاكەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەهائی و سابیئە، لە هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی گەورە هەیە بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراكتیكدا ڕەنگدانەوەی هەیە.
حكوومەتی هەرێم زۆر گرنگی بە پێكهاتەكان دەدات
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، ڕاگەیاند، لە هەرێمی كوردستان ڕەوشی پێكهاتەكان زۆر باشە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام پشتگیری لە مافەكانیان دەكات، هەبوونیان لە كایەكانی حكوومەت گرنگە، سەرۆكوەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی بەردەوام پشتگری لە پێكهاتەكان دەكات، لە كابینەی نۆیەمیش ڕەنگی داوەتەوە، وەزارەتێك هەیە بەناوی كاروباری پێكهاتەكان، ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە لە بەهێزكردنی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئەدیانەكان، لە هەمان كاتدا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دیار و بەرچاوە، هەموو كات پشتگیری لە مافی پێكهاتەكان كردووە، فاكتەرێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان.
بەردەوام بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتی پێكهاتەكان دەكەین
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، ئاشكرای كرد: هەبوونی مەلەفی كاروباری پێكهاتەكان لەناو حكوومەتی هەرێم شتێكی زۆر باشە، لە ئێستادا گەیشتووینەتە مەرحەلەیەكی زۆر باش بۆ بەهێزكردنی پێكەوەژیان، زۆر گرنگە لە كابینەی داهاتوو زیاتر گرنگی بە پێكهاتەكان بدرێت و ئامادەبوونیان هەبێت، چونكە لە ئێستادا ئەو مەلەفە وەكو تەجروبە سەركەوتوو بووە و فۆكسی زیاتری لەسەرە، دەورێكی باشمان هەیە لە گەیاندن و چارەكردنی كێشەی پێكهاتەكان، ڕۆژانە چاودێری كێشە و گرفتی پێكهاتەكان دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە بەرگریان لێ بكەین و كێشەكانیان چارە بكەین.
وڵاتانی جیهان زۆر گرنگی بە پێگەی هەرێم دەدەن
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، گوتی: ئەو شاندانەی كە لە دەرەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن زۆر گرنگی بەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە دەدەن، لە هەمان كاتدا سەردانی ئێمەش دەكەن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی پێكهاتەكان بن، ئەوان لەو پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە ڕازین، بەتایبەتی لە ئێستادا لە كابینەی نۆیەم وەزارەتێك هەیە بۆ كاروباری پێكهاتەكان.
لە عێراق گرنگی بە پێكهاتەكان نادرێت
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، دەشڵێ: ئەو دەستەڵاتەی كە لە عێراق هەیە غەدر لە پێكهاتەكان دەكات، زۆر گرنگی بە پێكهاتەكان نادات، پێویست دەكات لە عێراقیش گرنگی بە پێكەوەژیان بدرێت.
بەغدا جیاوازی دەكات
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، ڕوونیكردەوە: پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا زۆر باشن، بەڵام بەداخەوە بەغدا غەدر لە كوردستان دەكات ئەوە دوو مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی ڕەوانە نەكردووە، دەبێت بابەتی مووچە لە دەرەوەی سیاسەت بێت، نەبێتە گرفت لەناو سیاسەتدا، چونكە ئەوە مافێكی ئاسایی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، دەبێت بە زووترین كات مووچەكانیان ڕەوانە بكات، جیاوازی نەكات لە نێوان فەرمانبەرانی خۆی و هەرێمی كوردستان، ئەگەر جیاوازی كرا شتێكی باش نابێت، بەداخەوە ئێستا جیاوازی دەكات مانگانە فەرمانبەرانی عێراق لە كاتی خۆیاندا مووچەكانیان وەردەگرن، كەچی ئەوە دوو مانگە فەرمانبەرانی كوردستان مووچەكانیان وەرنەگرتووە، ئەمە لە كاتێكدایە ئەركی حكوومەتی عێراقە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات، دادگەی ئیتحادی بڕیاری داوە چەند گرفت و كێشە هەبن نابێت دەستێوەردان لە مووچە بكرێت، بۆیە وەكو پێكهاتەكان لەگەڵ ئەوەداین كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكرێن، ئەو مافانەی كە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراون بدات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا عێراق دەیكات پێچەوانەی دەستوورە.
هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت
وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، جەختی لەوەشكردەوە: هەڵبژاردن پرۆسەیەكی گرنگ و دیموكراسییە، پێویستە بكرێت، ئێستا هیچ گرفتێك نییە و لە كاتی خۆیدا دەكرێت، هەموو لایەنەكانیش ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت و دوانەخرێت، ئەوەی لای ئێمە گرنگە هەڵبژاردن بكرێت و دەستێوەردان نەكرێت، بەرەی توركمانی وەكو لیست بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات نەك وەكو كۆتا، واتە بە كۆتا بەشدار نابین لەبەر ئەوەی یەك كورسی كۆتا بۆ هەولێر داندراوە ئەوە ڕەت دەكەینەوە، چونكە زۆر كەمە بۆ نەتەوەی توركمان، نەتەوەی توركمان نەتەوەیەكی گرنگە و لە دوای كەركووك زۆرینەیان لە شاری هەولێرن.
یەكڕیزی لایەنەكان زۆر گرنگە
بەبڕوای ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكوومەتی هەرێم، یەكڕیزی لایەنەكان زۆر گرنگە، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ئیستقرارێكی سیاسی باش هەیە و دەبێت پارێزگاری لەو پێكەوەژیان و ئەمن و ئاسایشەی هەیە بكەین بەتایبەتی لە شاری هەولێر.

ھەواڵی زیاتر