حکوومەتی عێراق هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ ئاوارەکان دابین نەکردووە

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 44 هەزار ئاوارە لە ناو هەر شەش کەمپەکانی زاخۆدا هەن، هەروەها زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەش لەناو سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن.

قاسم عەونی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند: “هەر لەسەرەتاوە حکوومەتی هەرێمی کورستان پێشوازیی لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە کردووە” گوتیشی: “لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە 44 هەزار ئاوارە لە ناو هەر شەش کەمپەکانی زاخۆدا هەن، هەروەها زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەش لەناو سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن کە لەدەرەوەی “کەمپەکاندا دەژین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئاوارانە ماوەی 10 ساڵە لەناو ئەو کەمپانەدا دەژین، کە ژیانێکی سەختیان هەبووە، چونکە حکوومەتی عێراقی خزمەتگوزارییان بۆ دابین ناکات، هەروەها ئەو خەڵکەی ناو کەمپەکان چاوەڕێی ئەوە بوون، حکوومەتی عێراق هەموو پێداویستییەکی ژیانیان بۆ دابین بکات.
دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کورستان هیچ درێغییەکی بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان نەکردووە، هەموو خزمەتگوزارییەکانی بواری پەروەردە، کارەبا، ئاو و تەندروستی بۆ دابین کردوون، بەڵام ژیانی ئاوارەکان سەختە لە ژێر خیوەتەکان، چونکە بە هاوین گەرمە و بەزستانان ساردە، هەروەها خێزان هەیە لە ساڵی 2014 ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەمڕۆ ڕەنگە بوونەتە 5-6 خێزان.
لەبارەی دۆخی شنگالیش قاسم عەونی گوتی: تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال نەهاوێشتووە. بڕیاربوو لە 31ـی تەمووز هەموو کەمپەکان دابخرێن، بەڵام سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەوڵێکی زۆری دا و بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.

ھەواڵی زیاتر