ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لە ڕۆژی جیهانیی كەسانی بێسەروشوێندا، كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و، ئاماژەی بەوە داوە كە لەگەڵ تەواوی خێزانی كەسە بێسەروشوێنەكاندا وەستاوە (هاوخەم و هاوسۆزە)، یادی ئەو هاونیشتمانیانە دەكاتەوە كە بە هۆی دەیان ساڵ لە ناكۆكی چەكداری بێسەروشوێن بوونە و، داوا لە تەواوی لایەنە پەیوەندارەكان دەكات كە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە لەپێناو یەكلاییكردنەوەی نائارامی ئەو خێزانانە و كۆتایی هێنان بە ئازارەكانیان.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوە هاتووە كە عێراق یەكێكە لەو ووڵاتانەی كە زۆرترین ژمارەی كەسانی بێسەروشوێنی تێدایە لە جیهاندا. سەدانهەزار كەسی بێسەروشوێن كە خێزانەكانیان لە نێوان دڵەڕاوكێ و بەگژداچونی لێكدابڕان و هیوا و بێهیواییدا لە چاوەڕوانی هەواڵێكدا دەژین كە هەندێك جار بۆ دەیان ساڵ درێژەی كێشاوە.
“لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە دۆخی نالەباری ئەو كەسانەی بێسەروشوێن بووەن لەگەڵ ئازاری خێزانەكانیان، زۆر جار پشتگوێ دەخرێن، چونكە وەكو چیرۆكێكی بێكۆتایی وایە. زەبر و ئازاری لەدەستدان و ناڕوونی چەندین زامی قووڵ و درێژخایەنی لە دڵ و دەروونی خێزانەكاندا جێ هێشتووە و، ڕێگرە لە بەرەوپێشچونی ژیانی خێزانەكان و ئاستەنگن لە بەردەم هەوڵەكانی خۆگونجاندن ئاشتەوایی”؛ بەپێی گوتەی جین جیرۆم، سەرۆكی نێردەی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق، خێزانی كەسە بێسەروشوێنەكان پێویستیان بە وەڵامە؛ وەستان لە سۆراغ و گەڕان بۆ ئەوان بژاردە نیە و پێویستیەكانیان بە تێپەڕبوونی كات زیاتر دەبن. واقیعی نوێی ژیانیان بریتیە لە نەبونی وەڵام و دڵەڕاوكێ، بەردەوام لە زانیاری دەگەڕێن لەبارەی چارەنووس و ڕێوشوێنی كەسی بێسەروشوێن سەرباری چەندین پێویستی نوێ كە ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی بێسەروشوێنبوونی كەسە نزیكەكانیان. خێزانی كەسانی بێسەروشوێن ڕووبەڕووی ئاستەنگی دارایی دەبنەوە، بەدەست دەرەنجامی دەروونییەوە دەناڵێنن و بە ڕێكارە یاساییەكانەوە گرفتارن.
“كاتێك كە كچەزاكانم لەبارەی باوكیان پرسیارم لێ دەكەن، وێنەكانی ئەویان نیشان دەدەم، كاتێك كە باوكیان بێسەرشوێن بوو ئەوان هێشتا منداڵ بوون. ناخۆشترین شت كاتێك كە نان دەخۆین، ئەومان بەبیر دێتەوە و هەموو دەست بە گریان دەكەین،” واحیدە ئەحمەد دەڵێت، كە سێ ئەندامی خێزانەكەی لەدەست داوە لە ساڵی 2016ـدا، مێردەكەی و كوڕە تەمەن 25 ساڵانەكەی.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكە ئەوە خڕاوەتە ڕوو كە ئەم پرسە بۆ كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور زۆر گرنگە و ئەولەویەتە، لەمیانی چالاكیەكانی و پشتگیری كردنی دەسەلاتەكان لە چەندین بواری جیاوازدا هاوكاری خێزانەكان دەكات لە گەڕان و سۆراغ كردنیان. كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور بەچەندین ئاراستەی فره ڕەهەند چارەسەری پێداویستی خێزانەكان دەكات كە بابەتە دەرونی، دەرونی كۆمەڵایەتی، دارایی و پشتگیریە كارگێڕیەكان دەگرێتەوە. لە ساڵی 2021، كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پڕۆگرامی یاوەری خستە بواری كارپێكردن لە سەقڵاویە لە پارێزگای ئەنبار، سنجار لە پارێزگای موسڵ و هەروەها لەناوچەكانی دهۆك.
“لەم ئیمساڵەدا، 769 داواكاری سۆراغ پێشكەشی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور كراون، كە چوونەتە سەر ژمارە بێئەژمارە كەڵەكەبووەكانی ساڵانی ڕابردوو. ئێمە دڵنیاین لەوە كە ئەمە تەنها بەشی سەرەوەی چیایەكی سەهۆڵینە و ڕەنگدانەوە و كرۆكی ڕاستەقینەی كێشەكە نیە. ئەمساڵ توانیمان كە چارەنووس و ڕێوشوێنی 423 كەسی بێسەروشوێن یەكلایی بكەینەوە وە لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین بۆ یارمەتیدانی خێزانەكان بەمەبەستی وەرگرتنی ئەو وەڵامەی شایستەن،” بەپێی گوتەی پریچیللا ئاپسی، جێگری ڕێكخەری بەشی پارێزگاری كە بەرپرسە لە فایلی ونبووان لە كۆمیتەی نێونەتەوەییی خاچی سوور.
هەروەها كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پشتگیری دەسەڵاتەكانی عێراق دەكان لە سیستەمەكانی لێكۆڵینەوە و پزیشكی دادی و تاقیگەكانی بەرپرسیار لە گەڕان و سۆراغی كەسانی ونبوو. بەرپرسیارێتی سەرەتایی بۆ ڕێگریكردن لە بێسەروشوێنکەوتن و هەروەها یەكلاییکردنەوەی چارەنووس و ڕێوشوێنی كەسانی بێسەروشوێن لە ئەستۆی دەسەڵاتەكانی وڵاتەكەدایە. پێویستە لەسەر وڵاتەكان ئەو ڕێكارانە بگرنە بەر بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەكانیان و هەموو هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ ڕێگریكردن لە بێسەروشوێنبوونی كەسەكان، گەڕان بە مەبەستی ناسینەوەی كەسەكان و هەروەها چارەسەركردنی پێداویستی خێزانەكانیان.
ئەو بابەتانە جێگای باسە:
- لە جیهاندا، كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پشتگیری لە كەیسی پتر لە 170.000 لە كەسانی بێسەروشوێن دەكات.
- کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لەگەڵ دەسەڵاتەكان و لایەنە پەیوەندارەكان لەعێراقدا كاری كردوە لەساڵی 1991ەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەی كەسانی بێسەروشوێن.
- كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پشتگیری دەسەڵاتەكان دەكات لە سۆراغكردنی ئەو كەسانەی بێسەروشوێن بوون بەهۆی جەنگەكانی عێراق-ئێران و عێراق-كوێت. لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022 و لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و، بەو میكانیزمەی كە كاری پێ دەكرێت توانرا كە 108 ڕوفاتی مرۆیی لەلایەن عێراقەوە ڕادەست بكرێتەوە بۆ ئێران و 22 ڕوفاتی مرۆیی دیكە لە ئێرانەوە ڕادەستی عێراق بكرێتەوە.