باڵیۆزی تورکیا بۆ سەرۆک بارزانی: تاوانبارانی کوشتنی گەشتیارەکەی هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین،  پێشوازیی لە ئانیل بورا ئینان، باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق كرد.

بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆز لە عێراق بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ویستی وڵاتەكەشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا”.

هەر لەو دیدارەدا، وەکو ئەوەی بارەگای بارزانی ئاماژەی پێ داوە، “باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق بە وردی باسی لە تاوانی كوشتنی گەشتیارێكی هەرێمی كوردستان لە توركیا كرد و وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری قوربانییەكە، ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا بەدواداچوونی تەواویان بۆ ڕووداوەكە كردووە و ڕێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەر و سەرجەم تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دەستگیر كراون و بەدڵنیاییەوە تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن”.

لای خۆیەوە “سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق خواست و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە”.

ھەواڵی زیاتر