نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 77 دۆلار دابەزی

کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چین، ئەمڕۆ بووە هۆی بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی نەوت.

بازاڕی نەوت هێندە بە کەمیی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت کاریگەرە، کە تەنانەت کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیاش نەیتوانیوە نرخی نەوت بەرزبکاتەوە.

ئەمڕۆ (سێشەممە، 3-9-2024) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەهای یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 37 سەنتی دیکە دابەزی و بە 77 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 28 سەنت دابەزی و بە 73 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

وارێن پاتێرسن، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی (ING)ـی هۆڵەندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی کەرتی پیشەسازیی چین بووەتە هۆی دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.”

لە مانگی ئابدا، کەرتی پیشەسازیی چین دابەزی بۆ کەمترین ئاستی 6 مانگی رابردوو، هەروەها هەناردەکاریی ئەو وڵاتە لە مانگی تەممووزدا بۆ یەکەم جار لە ماوەی 8 مانگی پێشوویدا، دابەزیوە.

پاتێرسن پێیوایە؛ نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت، قەرەبووی پچڕانی بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیای کردووەتەوە، کە بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.

رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بەپێی ئەو پلانەی مانگی رابردوو دایناوە، لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر دەخاتەڕوو، ئەوەش بەهەمان شێوە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت داناوە.

ھەواڵی زیاتر