(لە ئافەتەکانی زمان (تانەوتەشەر و جوێندان)

عومەر چنگیانی

گوتاری هەینی ڕابردوو٣٠ی٨ی٢٠٢٤ی زۆرینەی مزگەوتەکانی کوردستان هەماهەنگییەکی زۆری پێوە دیاربوو کە لەلایەن بۆردی باڵا ئامادەمان کردبوو وەک پابەند بوونیش، لە دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا کردمانە توێشووی گوتاری ژمارە٢٥٩مان و لێرەدا پوختەیەکی دەخەمەبەردیدی خوێنەرە بەڕێزەکانی گۆشەی لە هەر خەرمانەی گوڵێک، کە تیایدا هاتبوو: (خوای گەورە لە ئایەتی ١١ ی سورەتی (ئەلحوجورات)دا ڕوو بە بڕواداران دەفەرمێت: (ئەی گرۆی بڕواداران با هیچ نەتەوە و خێل و توخم و بەرە باب و چین و توێژێکتان گاڵتە بەوانی دی نەکەن، کێ دەڵێ ئەوانی گاڵتە پێکراو لەوانی گاڵتەکار باشترنابن یان نین! هەروەها با هیچ خانمگەلێکیش گاڵتە بە خانمگەلێکی دیکە نەکەن، کێ دەڵێ ئەوانی گاڵتە پێکراو لەوانی گاڵتەکار باشترنابن یان نین! نەکەن ناو و ناتۆرە لە یەکتری دابنێن و لچ لەیەک هەڵبقورچێنن و بەڕاستی پیسترین ناو و نازاناو فاسقییە بە کەسانیک ببڕێت لە دوای ناوی ئیماندارێتی و فاسق بوونی دوای بڕواداری ناو و ئاکارێکی خراپ ترینە).
خوو و ئاکاری بەدی گاڵتە بە یەکتری کردن و یەکتری بە کەم زانین و تانەو تەشەر و جوێندان و زمان پیسی، دیاردەیەکی خراپی کۆمەڵگایە کە بڵاوە و تەشەنەی کردووە و، بەهۆیەوە ئاگری ڕقەبەرایەتی و دوژمنداری لەنێوان مسوڵماناندا بڵاوەی کردووە و، بۆتە هۆی دابڕانی خاوەنەکەی لەکاروانی ساڵحان و ڕۆچوون بەناو تاقمی فاسقاندا.
ڕێزگرتن لە نیعمەتەکانی خودای گەورە.
یەکێک لە نیعمەتە هەرە مەزنەکانی خودای گەورە لەدوای ئیسلامەتی زمانە کە بە هۆیەوە گفتوگۆ دەکەین و لەیەکتر تێدەگەین .
ئەم نیعمەتەش وەکو هەر نیعمەتێکی تر بۆ خێر بەکاردێت و پاداشتی لەسەر وەردەگری و بۆ شەڕیش بەکاردێت و سزای لەسەر وەردەگری . بەکارهێنانی نیعمەتیش دەبێ لەکارێکبێ کە بەخشەری نیعمەتەکە پێی خۆشبێ نەک ڕقی لێیبێ، هەر لەبەر ئەمە چەندین ئایەت و فەرموودە باس لە پاراستنی زووبان دەکەن لە ئافەت و خراپەکاریەکان .
زەرەرەکانی بڵاوبونەوەی ئافەتی تانەو جوێندان لەنێوان خەڵکیدا .
نەخۆشی (زمان پیسی) دەستپێدەکا بە غەیبەت و تۆمەت و جوێندان و لەعنەت و تانە و تەشەر، دواتر بڵاودەبێتەوە بەناو کۆمەڵگادا و دەبێتە مایەی پشێوی ئەخلاقی و نەمانی متمانەی نێوان خەڵکی و زۆربوونی ئاژاوەو شەڕو فیتنەو لاوازی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، دینی پیرۆزی ئیسلامیش ڕێگری لەم نەخۆشییانە دەکات.
هەروەها پێغەمبەرمان – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – لە دوو فەرموودەی دروستیدا دەفەرمێت:
١: (بڕوادار تانەدەر نییە و زمان شڕ و داوین پیس و دەم پیس و قسە فڕێدەر نییە).
٢: هەروەها دەفەرمێ : (بەڕأستی جاری وا دەبێت بەندە وشەیەکی خوا پێخۆش دەڵێت خۆی بەلایەوە وا نابێت کە شتێکی زۆر بەهاداری گوتووە، کەچی خوای گەورە لای خۆی ئەو کەسە چەندین پلە و پایە بڵند دەکاتەوە، جاری وایش دەبێت بەندە وشەیەک لەوشتانەی کە خوا پێ ناخۆشە دەڵیت و، پێی وا نابێت کە شتێکی خراپی گوتووە کەچی بەهۆیەوە فڕێ دەدرێتە نێو دۆزەخەوە).

ھەواڵی زیاتر