هاتووچۆی هه‌ولێر له‌باره‌ی گرێبه‌ستی ئه‌لیكترۆنی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

گوته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی گرێبه‌ستی ئه‌لیكترۆنی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ تێیدا رایگه‌یاند، كاتێك گرێبەستی ئەلیکترۆنی واژووی له‌سه‌ر دەکرێت، لە فەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتڕاست دەکرێتەوە و به‌ فه‌رمی ده‌ناسرێت.

موقه‌ده‌م فازڵ حاجی، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌ولێر له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند، بە گوێره‌ی رێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2021، پێویسته‌ گرێبەستی ئەلکترۆنی لەکاتی کڕین وفرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل، پەیڕەو بکرێت.

فازڵ حاجی راشیگه‌یاند، رۆژانە بە دەیان کەس سەردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆ دەکەن و سکاڵای ئەوە دەکەن ئۆتۆمبێلیان  لەکەسێک کڕیووە و پارەیان داوە و گرێبەستیان نوسیووە، کەچی خاوەنی ئوتومبێلەکە ئامادە نییه‌ پەنجەمۆریان بۆ بکات. ده‌شڵێت: ئه‌مانه‌ لە هاتووچۆ هیچیان بۆ ناکرێت، لە دادگاش دوای ماوەیەک، ئینجا بڕیار بەگۆڕینی موڵکیەت نادرێت، چونکە گرێبەستیان نییە.

ئه‌و گوته‌بێژه‌ روونیكرده‌وه‌، كاتێك گرێبەستی ئەلیکترۆنی واژووی له‌سه‌ر دەکرێت و لە فەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەو گرێبەستە به‌ فەرمی دادەنرێت و لەژێر رۆشنایی ئه‌و گرێبه‌سته‌ دادگا زۆر بە ئاسانی بڕیاری بەناوکردنەکە دەدات بێ ئامادەبوونی فرۆشیار بۆ پەنجەمۆر.

فازڵ حاجی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، خەڵکانێکی زۆر بەنیازی گه‌شتن یاخوود قەرزارن و نیازی خۆشاردنەوەیان هەیە و ئۆتۆمبێل بەهاووڵاتیان له‌ رێگه‌ی بریكارنامه‌ دەفرۆشن، زۆر جار ساختەی تێدا دەکرێت.

گوته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر گوتی: ئەگەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت بە گرێبەستی ئاسایی، بەر لە بەناوکردنی كۆچی دوایی بكات، ئەوە ئۆتۆمبێلەکە بەناوی کڕیار ناکرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بریكارنامه‌شی بۆکرابێت.

ھەواڵی زیاتر