وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بڵاوی کردووەتەوە، سبەی سێشەممە، (03-09-2024) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت و پرۆسەکە تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 05-09-2024 بەردەوام دەبێت؛ واتا لە ماوەی سێ ڕۆژدا مووچەی هەموو مووچەخۆران دەدرێت.
بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بەهاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت.
سێشەممە، 03-09-2024، مووچەی ئەم دامەزراوانە دابەش دەکرێت:
خانەنشینانی شارستانی
خانەنشینانی پێشمەرگە
کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراون
خاوەن پێداویستیی تایبەت
زیندانە سیاسییەکان
مافی مرۆڤ
دەستەی دەستپاکی
دەستەی وەبەرهێنان
دەستەی ژینگە
دەزگای مین
ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان
چوارشەممە، 04-09-2024، مووچەی ئەم دامەزراوانە دابەش دەکرێت:
وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
وەزارەتی دارایی و ئابووریی
وەزارەتی ناوخۆ
وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی داد
ئەنجوومەنی دادوەریی
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
وەزارتی سامانە سرووشتییەکان
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
وەزارەتی پلاندانان
پێنجشەممە، 05-09-2024، مووچەی ئەم دامەزراوانە دابەش دەکرێت:
وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
وەزارەتی کارەبا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
وەزارەتی پێشمەرگە (دیوان و لیواکان)
ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش
یەکەی 70 و 80
هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگریی فریاکەوتن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دام و دەزگا نەوتییەکان
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران
دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە
ماوەی زیاتر لە 55 ڕۆژە فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـیان وەرنەگرتووە سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە 36 ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەکەی ڕەوانەی بەغدا کردووە و پرۆسەی وردبینیش تەواو بووە.
بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.