مێشکی خۆت باشتر بناسە لەگەڵ دوانزە یاساکەی مێشکی مرۆڤ

پەری محەمەد

مێشکی خۆت باشتر بناسە لەگەڵ دوانزە یاساکەی مێشکی مرۆڤ

ناوی کتێب/ (brain rules)

ئەگەر تۆ بزانی مێشکت چۆن کار دەکات ئەوا دەتوانی مێشکت بەکار بێنی بەشێوازێکی زۆر کاراتر، بەشێوەیەک هەموو ئەو کارانەی مێشکت دەتوانێ ئەنجامی بدات خۆکارانە ئەنجامی بدەی، وای لێ دێت وەکچۆن کەسێک کۆمپیوتەرێکی زۆر پێشکەوتووت پێ دەدات پێت گوناه نیە کە تۆ ئەم کۆمپیوتەرە دابنێیت و ئەو بیرۆکە پێشکەوتووانەی تێیدا بەکار هێنراوە، هیچی لێ بەکار نەهێنی؟ مێشکی تۆ زۆر لەو کۆمپیوتەرە پێشکەوتووە پێشکەوتووترە.

یاساکانی مێشکی مرۆڤ
یاسای یەکەم/ وەرزش و جووڵە
مێشکی ئێمە زیاتر گەشە دەکات لەگەڵ جووڵە و وەرزشدا، هەموومان ئەوەمان بیستووە کە دەڵێ مێشکی دروست لە لەشی تەندروستدایە و، ئەمەش سەداسەد دروستە؛ ئەوانەی کەوا بەردەوام وەرزش دەکەن ئەوا لێکۆڵینەوە دەری خستووە کە مێشکیان تەندروستترە و، توانای فێربوون و ئەنجامدانی کردارە هۆشمەندیەکانیان زیاترە و، توانای شیکردنەوەی مەتەڵیان زیاترە لەوانەی کەمتر دەجووڵێن، تەنانەت لەم کتێبەدا باس لەم کەسانە دەکات کە تووشی لەبیرچوونەوە بوونە، ئەگەر ژیانی خۆیان بگۆڕن بۆ ژیانێکی چالاکتر و وەرزشکردنی بەردەوام ئەگەری ئەوەی هەیە لەبیرچوونەوەیان کەم بکاتەوە، کەواتە هەتا زیاتر بجووڵێی مێشکێکی کاراتر و باشترت هەیە.
یاسای دووەم/ مانەوە و چارەسەر دۆزینەوە
مێشکی ئێمەی مرۆڤ بۆ مانەوە دروست بووە گرینگ نیە کە تۆ لەچ بارودۆخێکدای مێشکت بەردەوام هەوڵدەدات بەزیندووی بمێنیەوە، تەنانەت کاتێک خەوت لێ دەکەوێ دڵت ناوەستێ هەناسەدانت ناوەستێ لەبەرئەوەی مێشکت دەیەوێ تۆ زیندوو بمێنیتەوە هەر لەبەر ئەوە مێشکت بەردوام بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، بۆیە هەر کێشەیەک کە تۆ بۆ مێشکی خۆت دروستی بکەیت مێشکت بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت بۆی، بیدۆزێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئەگەر تۆ بێیت لە خۆت بپرسی کە چۆن دەوڵەمەند بیت ئەوا مێشکت کاتێک کە ئاگاداریش نیت، نائاگایانە بە دوای وەڵامدا دەگەڕێت بۆ دەستخستنی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە تۆ بەردەوام لە خۆتی دەکەیت تا وای لێ دێت کە بیرۆکەی دەوڵەمەندبوونت بۆ دێت ئەمە بۆ هەموو شتەکانی تریش دروستە، واتا کاتێک لە خۆت دەپرسی چۆن تەندروست بم چۆن ئەم کارە بکەم ئەوا کاتێک کە تۆ نائاگایانە بیری لێ دەکەیەوە مێشکت کاریان لەسەر دەکات و وەڵام و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە چوونکە مێشکت بۆ ئەوە دروست بووە کە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.
یاسای سێیەم/ پەیوەندی خانە دەمارییەکان
مێشکی هیچ دوو کەسێک لەدونیادا وەکو یەک نیە چوونکە ئەو پەیوەندی و پێکەوە بەستنەی کە بەشک بە بەشێکی تری مێشکەوە دەبەستێت لە کەسێک بۆ یەکێکی تر جیاوازە، کەسێک کە بەردەوام گوێ لە مۆسیقا بگرێ وەکەسێکیش کە بەردەوام پرسیاری بیرکاری شیکاری بکات ئەوا مێشکیان بەتەواوی لەیەکتر جیاوەزە، واتا هەر کارێکی کە دەیکەیت بە تێپەڕینی کات، تا زیاتر ئەو کارە بکەیت و دوبارەی بکەیتەوە ئەو ناوچەی مێشکت کە تایبەتمەندە بەم کارە؛ خانەدەماری زیاتری لێ کۆ دەبێتەوە کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی ئەم کارە، کەواتە مێشکی کەسێک کە سێ زمان دەزانێ جیاوازە لە مێشکی کەسێ کە دوو زمان دەزانێ و مێشکی تۆی ئەمڕۆ جیاوازە لە ساڵی پار؛ چوونکە تۆ لە ماوەی ئەم ئیمساڵەدا فێری شتی نوێ بوویتە و مێشکت گەشەی کردووە، هەرچەندە خانەدەماری نوێ دروست نابێ بەڵام خانەدەمارەکان لەگەڵ یەکتر بۆند دروست دەکەن؛ خانەدەماری وا هەیە سەدان بۆندی دروست کردووە لەگەڵ خانەدەماری دیکە هەتا ڕاهێنان لەسەر شتێک بکەی ئەوا ئەم بۆندانە لەم ناوچەیەی مێشکت کەوا بەرپرسە لەم کارە، زیاتر دەبن.
یاسای چوارەم/ تیشکۆ (سەرنج)
مێشکی ئێمە بۆ ئەوە دروست نەبووە کە سەرنج بخەینە سەر شتی بێزارکەر ئەگەر تۆ کتێبێکی بێزارکەر بخوێنیتەوە یان لە پۆلێکدا دابنیشیت و مامۆستا وانەیەک باس بکات کە تۆ حەزی پێ ناکەیت ئەوا دوای دە خولەک تۆ چیتر سەرنجت لەسەری نامێنێت، هەر لەبەر ئەوەیە دەبێت ئەو کتێبانە بخوێنینەوە کە چێژی لێ دەبینین و بێزارکەر نین بەم شێوەیە چێژی لێ دەبینیت لە بابەتەکە یان کتێبەکە سەرنجیشت بۆ ماوەیەکی زۆرتر لەسەری دەمێنێت، هەربۆیە لە کاتی خوێندندا هەرکاتێک هەستت بە بێزاری کرد، پێویستە شتەکان بە شتی تر ببەستیەوە تاوەکو هەست بە بێزاری نەکەیت و سەرنجت نەڕوات، بڵاوە نەکات لەسەری.
یاسای پێنجەم/ یادەوەریی کورتخایەن
واتا بۆ نموونە کاتێک تۆ ناوی کەسێک دەبیستی ئەوا یەکسەر لە یادەوەری کورتخایەن خەزن دەبێت بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم ناوەت بەکار نەهێنا، ئەوا لەبیری دەکەی، بەڵام ئەگەر ماوەی چەند جارێک گوێت لە هەمان ناو ببێتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ لە یادەوەریی کورتخایەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ یادەوەریی درێژخایەن،کەواتە گەر دەتەوێت شتێکت لەبیر نەچێتەوە ئەوا زۆر دووبارەی بکەوە، تا زیاتر دووبارەی بکەیتەوە زیاتر دەمێنێتەوە لە مێشکتدا.
یاسای شەشەم/ یادەوەریی درێژخایەن
هەر شتێک بۆ ئەوەی بچێتە یادەوەریی درێژخایەنەوە پێویستی بە کاتە؛ لەبەر ئەوە بیرۆکەیەکی باش نیە کە تۆ بە ڕۆژێک، دوو سێ کتێب تەواو بکەی چوونکە کاتێک تۆ زانیاریەکی زۆر دەنێری بۆ یادەوەریی کورتخایەنت ئەوا ناچار دەبێت کە هەڵبژێرێت کە کام زانیاریەیان گرنگترە ئەویان بنێرێت بۆ یادەوەریی درێژخایەن؛ جا باشتر وایە لە کاتی خوێندنەوەدا ماوەماوە پشوویەک وەربگریت.
یاسای حەوتەم/ خەو
خەوی باش واتا بیرکردنەوەی باش؛ ئەگەر دەتەوێ مێشکت تەندروست بێ ئەگەر دەتەوێ زیرەک بی ئەوا دڵنیا بە لەوەی خەوێکی باشت هەبێ، بەڵام بزانە خەوی باش بە مانای خەوی زۆر نایێ و، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ بەڵام دڵنیا ببەرەوە کەوا تێرخەو ببی؛ کەسێکی گەورەساڵ، شەش بۆ هەشت کاتژمێر خەوی پێویستە، بەڵام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕێت بەپێی تەمەن و ڕەگەزی کەسەکە و، ئەو کاتەش وا دەخەوێ.
یاسای هەشتەم/ فشاری دەروونی
فشاری دەروونیت هەبێت هیچ فێرنابی هەتاکوو دوودڵ بی یان بیر لە شتێکی دیاریکراو بکەیتەوە هەتاوەکو فشاری دەروونیت زیاتر لەسەر بێت وەکو پێویست شت فێر نابیت، چوونکە کاتێک فشاری دەروونیت زۆرە و سترێسیت، ئەوا مێشکت بیر لە مانەوە دەکاتەوە و وا دەزانێت کە ژیانت لە مەترسیدایە؛ دوودڵی وا لە مێشک دەکات لە جیاتی ناردنی وزە بۆ یادەوەری، زیاتر بەرەو دەست و قاچی بنێرێ، تا بەرگری لە خۆت بکەی و نەمری؛ ئەوە پەیوەندیدارە بە یاسای دووهەمەوە کە باسمان لەوە کرد کە مێشکمان بۆ مانەوە دروست بووە.
یاسای نۆیەم/ هەستی زیاتر واتا بیرهاتنەوەی باشتر
ئەگەر دەتەوێت زیاتر فێر بیت ئەوا هەموو هەستەکانت تێکەڵ بکە؛ مەبەست ئەوەیە هەتا زیاتر هەست بە شتەکە بکەیت ئەوا ئەگەری فێربوونت زۆرترە؛ واتە، هەتا زیاتر هەست بە شتەکە بکەیت دەست لە شتەکە بدەیت یان بۆنی بکەیت یان لە هەمان کاتدا شتەکە ببینیت دەنگی خۆت ببیسیت زیاتر شتەکە فێر دەبیت؛ بۆ نموونە: بۆ ئەوەی بە ماوەیەکی کەم، زانیاریەکی زۆر وەربگری و، فێری ببی، ئەوا نووسینەکە بە دەنگی بەرز بخوێنەرەوە.
یاسای دەیەم/ بینین
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم یاسایە پەنا بۆ پەندێکی کوردی دەبەین کە دەڵێت (سەد بیستن یەک بینین ناهێنێ) لە ڕاستیدا لەناو مێشکی ئێمە بینین لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، واتا کاتێک تۆ شتێک دەبینیت ڕاستەوخۆ مێشکت لێکدانەوەی جیاواز دەکات بۆ هەستەکانی دیکە، بۆ نموونە کاتێک تۆ خواردنێک دەبینیت کە شێوەی ناشیرینە ئەگەری ئەوەی کە هەست بکەیت تامی ناخۆشە زۆر زیاترە لەوەی کە هەست بکەیت تامی خۆشە، لەبەر ئەوەیە کە کاریگەریی هەستی بینین زۆر زیاترە لە هەستەکانی دیکە.
یاسای یانزەهەم/ مێشکی مێیینە و مێشکی نێرینە
مێشکی پیاوان و مێشکی ئافرەتان جیاوازە، دەبێت ئەوە بڵێین کە مێشکی ئافرەتان و ئافرەت زیاتر گرینگی بە وردەکاریەکان دەدا، بەڵام پیاوان کەمتر گرینگی بە وردەکاریەکەن دەدەن و، زیاتر گرینگی بە بابەتی سەرەکی و گرینگ دەدەن.
یاسای دوانزەهەم/ گەڕان و دۆزینەوە
ئێمە بۆ ئەوە دروست نەبووینە کە تەنها دابنیشین و هیچ فێرنەبین پێوویستە ڕۆژ بەرۆژ زیاتر هەوڵ بدەین و زیاتر فێر بین و شتی نوێ بدۆزینەوە؛ مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کاتێک لەدایک دەبێت مێشکی سەداسەد گەشەی نەکردووە و، وردەوردە فێر دەبێت؛ دەبێ هەوڵ بدات و ئەزمون بکات و زیاتر بگەڕێت و شتی نوێ بدۆزێتەوە و کار بکات و خۆی پێبگەیەنێت، هەتا مێشکی زیاتر گەشە بکات.

نووسەر: جۆن مێدینا

ھەواڵی زیاتر