سەیری دواوە مەکە

بەكر كەریم حەسەن

(ئەندرۆ کارینگی) چاکەکار و پیشەکاری ئەمریکی دەڵێ (ئەو مرۆڤەی کە بتوانێ بە لێزانی پشوودرێژ بێت، دەتوانێ بە لێزانی کاری تریش بکات.)
گومانی تێدا نییە مرۆڤ لە ژیانیدا پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشان و کار هەیە، جگە لەوەش پێوستە هەر مرۆڤێک ئاوات و خەون و خولیای تایبەتی هەبێت و لە پێناویدا تێبکۆشێت؛ ماندوو ببێت بۆ بەدەستهێنانی. لە بەرامبەریشدا لێرەولەوێ رووبەڕووی ئاستەنگ و گێرەشێوێنی دەبێتەوە، بەڵام ئیرادەی بەهێز و سووربوونی بەردەوام ئامانجەکە نزیک دەکاتەوە و بەدەستهێنانی مسۆگەر دەبێت، بۆیە لە پێناو بەدەستهێنانی ئامانج و خەونێکدا، نابێ ئاوڕ لە دواوە و، لەم لا و ئەو لا بدرێتەوە. بەردەوامی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە و ڕۆیشتنی بەردەوام سەرەڕای ئاستەنگ و ژاوەژاو لە مەرجە گرنگەکانی بەدەستهێنان و سەرکەوتن دەژمێردرێت، لە بیرمان نەچیت ئەوانەی بڕیاریان داوە بۆ پیشەوە بڕۆن تەماشای دواوە و لای تر ناکەن، چاو و سێرەیان لەسەر ئامانجەکەیانە.
دەگێرنەوە (ڕۆژێک پڵنگ و شێرێک بەیەکەوە دەچن بۆ ڕاو، بۆ ئەوەی پڵنگەکە فێری ڕاوکردن ببێت؛ لە نیوەی ڕێگاکەدا پڵنگەکە تێبینی ئەوە دەکات کە کۆمەلێک کەمتیار دوایان کەوتوونە! پڵنگەکەش پرسیار لە شێرەکە دەکات و دەڵێت ئەوە چییان دەوێ؟ شێرەکە هیچ وەڵامی پڵنگەکەی ناداتەوە لەو کاتەدا شێرەکە چاوی بە نێچیرەکەی دەکەوێت خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕاوکردنی؛ کەمتیارەکانیش دەست دەکەن بە هاوار کردن بە دەنگی بەرز؛ پڵنگەکە دیسان لە شێرەکە دەپرسێت بۆچی کەمتیارەکان بەو شێوەیە هاوار دەکەن، شێرەکە وەڵامی ناداتەوە و دەست دەکات بە ڕاکردن و ڕاوکردنی نێچیرەکەی؛ پڵنگەکە تێبینیی کرد کە کەمتیارەکان بە دوای شێرەکەوە ڕا دەکەن و بە هەموو هێزی خۆیانەوە هاواریان دەکرد، بەڵام شێرەکە بۆ یەک چرکەش گرنگییان پێ نادات تا ئەو کاتەی نێچیرەکەی دەگرێت و دەست دەکات بە خواردنی؛ کەمتیارەکانیش چاوەڕێی دەکەن تا ئەو لە خواردن تەواو دەبێت پاشان کە شێرەکە گەڕایەوە لای پڵنگەکە و ئەوان دەست دەکەن بە خواردنی ئەو ئێسكوپرووسکەی کە لە نێچیرەکە مابویەوە پڵنگەکە سەری دەسڕمێت و لە هاوڕێکەی دەپرسێت بۆچی وەڵامی ئەو کەمتیارانەت نەدایەوە؟ لە سەرەتاوە پێم وا بوو کە ئەوان دێن هێرش دەکەنە سەرت پاشان شێرەکە دەست بە وەڵامدانەوە دەکات و دەڵێت تۆ پێت وایە کەمتیار دەوێرێ هێرش بکاتە سەر شێر؟ گوێ بگرە پڵنگی هاوڕێم لە ژیانتدا هەرگیز گرنگی بە کەمتیاران مەدە، چونکە ئەوان تەنها هات و هاواریان هەیە بۆ ئەوەی سەرقاڵت بکەن و لە ئامانجەکەت دوورت بخەنەوە، بەڵام ناتوانن هیچ کات هیچت لێ وەربگرن، جگە لەوی تۆ لە بەخشندەییی خۆت پێیان دەبەخشێت و لە دوای خۆت بۆیانی بەجێ دەهێڵێت.
واتە بایەخ بە هات و هاوار و قسەکانی ئەوانە مەدە کە پلەیان لە تۆ کەمترە و هەست بە کەمی دەکەن؛ بۆ ئەوەی مافت نەخۆن شێر بە! فێر بە هیچ کات سەیری دواوە نەکەی .

ڕاوێژکار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە کارگێڕیی پەروەردەیید

ھەواڵی زیاتر