كاوە میران
وڕێنەكانی پێش هەڵبژاردن و بەخشینەوەی وەهم، ڕۆژ بە ڕۆژ سەیرتر و كۆمیدیتر دەردەکەون، بەڵام مرۆڤی ژیر لەبری ئەوەی بەو كۆمیدیایە پێبكەنێت، بۆ حاڵی ئەو حزبە دەگری كە، بەناو سەركردایەتییە تازەكەی یەكێتی وەهمەكان بۆ سەرۆكەكەیان دەهۆنێتەوە، ئاخر خۆ ئهوان لەهەمووان باشتر دەزانن، كە خەیاڵەكانیان بەتاڵن و خەونی حوشترن.
سەركردایەتیی بەناو یەكێتی تازە، دەنگیان لێهەڵبڕیوە و گوایە ڕێڕەوی حوكم وەردەگرنەوە، بە خەیاڵ دەستكاری دەكەن، دەی مادەم خەیاڵە و دڵی سەرۆكی خۆیان خۆش دەكەن و پاروەكەی خۆیشیان چەورتر دەكەن، با هەبێ. بەڵام دەبێت خەڵكی لەو حزبە بپرسن: 33 ساڵە لەسلێمانی چیتان كردووە؟ كام پرۆژەیەتان كردووە گەنجان و هاووڵاتییانی ئەو شارە ئازیزەی كوردستان پێی دڵخۆش ببن؟ لەماوەی 33 ساڵی ڕابردوودا خەڵكی كوردستان، باش ئێوەیان ناسیوە و دەزانن چ مەعدەنێكن.. ئێوە لەبری پرۆژەی خزمەتگوزاری و جوانكردنی دەڤەرەكە، هەر ڕۆژەو وەك دەڵاڵێكی مایەپووچ، خاك و ئاو و پیرۆزییەكانی كوردستانتان هەڕاجفرۆش كردووە. لەكاتێكدا هەموو دۆستەكان داوای یەكگرتوویی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان دەكەن، ئێوە مۆدیلی ئەمیرەكانی شەڕتان دروستكردووە و، چەندین میلیشیاتان بۆ مەرامی كەسی و حزبی دروست كردووەو، خەڵكی دەڤەرەكەی پێ دەترسێنن. ئێوە چایەچی و بازرگان و دكتۆرو ڕۆژنامەنووس دەڕفێنن و، جەوێكی عەسكەرتاری ترسناكتان دروست كردووە.
خەڵكی كوردستان چۆن متمانە بكەن بەوەی ئایندەی خۆیان و ژیانی نەوەكانیان بدەنە دەست كۆمەڵێك هەرزەی خەیاڵپڵاوی سیاسی و چەتەو مافیاو و بازرگانی ماددەی هۆشبەر ؟
هەر جارە و بەكەتنێك دێنەوە و، هەر جارە و بەزمێك بۆ كورد سازدەكەن، هەرجارێك بەقوڕێك ماڵی كورد سواغ دەدەن و، هەر كەڕەتە و بە خیانەتێك مێژووی كورد سیخناخ دەكەن.. لەشانزەی ئۆكتۆبەردا خەونی چوار پارچەی كوردستانتان گۆڕی بۆ حەسرەت و لە جەولەیەكی دیكەی خیانەتدا كەركووكتان بۆ مەرامی حزبی هەرزانفرۆش كردەوە، لە دوایەمین خیانەتیش لەگوڵەجۆ، یەكدەنگیی كورد لەدژی سیاسەتی خاكفرۆشتنی ئێوە، پەیامێك بوو بۆ ئەوەی چیتر خەیاڵی چەورنەكەن.
حوكمڕانیی كوردستان لەسەر ڕێگە ڕاستەكەیەو، سەدان پرۆژەی گەورە و گەشەی بەردەوامی پایتەخت كە پارتی تێیدا باڵادەستە و، نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزاری و پرۆژەیەكی گەورەش لەژێردەستەڵاتی ئێوەدا، باشترین وەڵامە بۆ ئەوەی ئێوە ئەهلی شەڕەگەڕەكن نەك حوكمكردن، ئێوە ئەوەندەی سەرقاڵی فرۆشتنن، سەرقاڵی دروستكردن نین! خەڵكی ئازیز و شەرەفمەندی شاری هەڵمەت و قوربانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین ، لەم هەڵبژاردنەدا، تۆڵەی 33 ساڵ فرۆشتن و ئیهمالكردنتان لێدەكاتەوەو، جڵەوی دەستەڵاتی ڕاستەقینە بە قوتابییەكانی بارزانی دەدات و، سلێمانی و ناوچەكانی دیكەیش دەبنە خاوەنی پرۆژەی گەورەو كاروخزمەت و بوژانەوە و گەشەی بەردەوام و هەلیكاری فراوان.
كورد دەڵێت: بەرز مەفڕە، نزم دەنیشیتەوە.. ڕێك مەبەست بەڵێنەكانی موراهیقە تازەپیاكەوتوەكانی یەكێتییە بەناو تازەكەو سەرۆك و ئاغاكانیەتی.. بەرز فڕینەكە وەك ئەو بەڵێنی هەلیكارەی دایان بەگەنجانی كوردستان، بەڵام لەبری بەرزفڕین، نزم نیشتنەوە .. ئیدی خەڵك هەموو ئەو پرۆژە زۆروزەوەندانە دەبینن كە بەبەرچاویانەوە جێبەجێكران و، قسەی زیاتر ناكەین و تەنها دەڵێین: ئەوە ئێوەو، ئەوەش خەڵكی كوردستان و ڕۆژی هەڵبژاردن.