هەڵبژاردن و قەدەغە کردنی دروشمە ئاینییەکان

وەیسی سەعید وەیسی

وا بڕیارەلە 16ی ئەیلوول ھەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکات، ھەموولایەن و کاندێک ئازادن لە ئەنجامدانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، بەڵام لەگەل ئەمەشدا گرنگە بابەتی قۆستنەوەی دروشمە ئاینییەکان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن قەدەغەبکرێت، لەڕابردوودا لەھەلمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئەم دیاردەیە دووبارە دەبێتەوە کە دروشم وپۆستەرە ئایینییەکان وتەنانەت ھندێک جاریش مزگەوت وشوێنە پیرۆزە ئایینیەکان بۆ پروپاگندەی ھەلبژاردن بەکاردەھێندرێن، ئەمەش لەگەڵ ناوەڕۆکی ھیچ ئایینێک بەتایبەت ئایینی پیرۆزی ئێسلام ناگونجێت، چونکە خۆشەویستی و تەبایی و لێبوردەیی نێوان مرۆڤەکان یەکێکە لەسیما پڕ بەھاکانی پەیامی سەرجەم ئایینەکان، بۆیە ناکرێت لەم پەنایەدا بەھیچ شێوەیەک ھەولی بلاوکردنەوەی ڕق و کینە و دروستکردنی ململانێی سیاسی بدرێت و ئایین بۆمەرامی دوور لەپەیامی پیرۆزی خۆی بەکار بھێندرێت. پێویستە ئایین بەھیچ جۆرێک تێکەڵی ململانێی سیاسی نەکرێت، پەیامی ئایین گشتگیرە و ده‌بێ ڕێز له‌ بیروباوه‌ڕ و هه‌ستی ئایینی و پیرۆزییه‌كانی هه‌موو ئایین و ئایینزاكانی کوردستان بگیرێت و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌لایه‌ن هیچ که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ دروشم و شوێنە ئایینییەکان بقۆزرێته‌وه‌ بۆ‌ ڕێکلامی ھەلبژاردن، پاراستن و ڕێزگرتن لە پیرۆزییە ئایینییەکان دەبێت لەھەموو سەردەم و قۆناغێکدا وەک خۆی بمێنێتەوە، ڕێگا پێدراو نیە ھیچ لایەن و کەسێک بۆبەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، بەداخەوە زۆر جاران لایەنی وا ھەبووە ئایینی بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکارھێناوە، لەپۆستەر و ڕێکلامەکانیاندا ناوی پیرۆزی خوا و پێغەمبەر و ئیسلامیان بەکارھێناوە، کاتێک مرۆڤ ڕێکلامەکانیان دەبینێت وادەزانی ئەمە شەڕی (ئیسلام و کوفرە)،کە بەڕوونیش کار و ئەرکی پەرلەمانتار دیارە چیە، بۆیە پێشنیار دەکەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕەسمی بەکارھێنانی دروشمە ئاینییەکان و بەکارھێنانی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان قەدەغەبکات لەپێناو بەرژەوەندی ئایین و دورخستنەوەی ئایین لەململانێی سیاسی تا ئایین هی ھەموو کۆمەلگا بێت .

ھەواڵی زیاتر