حکوومەتێک دژ بە میللەتەکەی !

شێرکۆ حەبیب

لەگەڵ دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوێندی یاسای و بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە نەهێشتنی گەندەڵی، گەندەڵکاران گەیشتنە ئەو قەناعەتە کەوا دوا قۆناغیان نزیک بووەتەوە، بۆیە هەر لەو ساتە وەختەوە کەوتنە دوژمنایەتی و هێرش کردنە سەر حکوومەت و بەتایبەی سەرۆکەکەی. نەک هەر ئەوە بەڵکو بۆ ماوەیەک بایکۆتی کارەکانی حکوومەتیان کرد و بەردەوام بوون لە خستنە تەگەرە لە بەردەم کارەکانی و ئاڵۆزی و لەسەرووی هەمووشیانەوە پشتگیری حکوومەتی فیدراڵ لە ناکۆکییەکانی لەگەڵ هەرێم.
سەرەڕای هاوبەشی ئەو لایانەنانە واتە شەریکی حکوومەت بوون لەسەر بنەمای سازان و کار پێکەوە کردن نەک لەسەر ئیسحقاقی هەڵبژاردن، حکوومەتەکە پێکهێنرا و بە شەریکی و لەو ماوەیەدا سەرۆکی حکوومەت زۆر بە لە خۆ بووردەیی و حەکیمانە هەڵسوکەوتی کرد و کارەکانی بەو پەری لێزانین و شارەزایی و هاوکاری تیمی پارتی بەرێوە برد.
حکوومەت دژ بە میللەتە بۆیە دەبینین ئاوەدانی و سەقامگیری لە ئارادایە، حکوومەت دژ بە میللەتە بەڵام کارەخزمەتگوزاریەکان لەسەرتاپای کوردستان بەدی دەکرێت! حکوومەتێکی گەندەڵ بۆیە دەبینین بن دیوار و دوو و سێ مووچەیی بنبڕ کراون! حکوومەتێکی نەشارەزا بۆیە دەبینین پەیوەندییەکان لەگەڵ دونیای دەرەوە لەو پەری ئاست بەرزیدایە! حکوومەتێکی بێ ئەزموون بۆیە دەبینین سەدان پرۆژەی گرنگ کە خزمەت بە میللەت دەگەیەنێن ئەنجام دراون! حکوومەتێک توانای پاراستنی میللەتی نییە بۆیە دەبینین شار ئارام و ئاوەدانە! حکوومەتێکی دژی پێشکەوتنی کوردستان و بەرهەمهێنانی بیانی بۆیە دەبینین سەدان کۆمپانیای بیانی لە کوردستان کار دەکات و ڕووی تێدەکەن!
لەم بارودۆخەی ئیستای کوردستانی تێدا دەژیەت و گرفتەکان لەگەڵ بەغدا و هێرشی ئەم حکوومەت و ئەو حکوومەت بۆ سەر کوردستان و بوونی چەکداری نایاسایی لە چەند شوێنێکی کوردستان نانەوەی ئاژاوە و بوونی هەندێ ئۆپۆزسیۆنی بێ ئەزموون و نەشارەزا و دژایەتی کردنی خودی کەسایەتی مەسرور بارزانی، بەڵام هەمووی لە بەرامبەر هەڵوێست و شارەزایی و جورئەتی ئەو و تیمی پارتی و پشتوانی دڵسۆزی پارتی و رێبازی پیرۆزی جەنابی بارزانی هەموو هەوڵەکان زیندە بەچاڵکران و هەر ئەوەش چاوەروانیان دەکات.
لەو ماوەیە هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە هەموو (الاخوە الاعداء) یەکیان گرتۆتەوە بۆ دژایەتی کردنی پارتی بە هەموو شێوازێک و هەڵدانەوەی لاپەڕە کۆنەکان و باسی ٣١ ی ئاب (الفاسد بالافسد)، تەنیا ئاوڕێک لە ٣١ی ئاب و ١ی ئەیلوول بدەنەوە چ گۆرانکارییەک لە هەولێر ڕوویدا و بوو بەو هەولێرەی ئەمڕۆ، بەراستی هەڵدانەوەی لاپەرە کۆنەکان لە بەرژەوەندی کورد نییە، ئەگینا ئەگەر لاپەڕەکان هەڵبدەینەوە میژووی ڕەشی هەندێ لایەنی لێ بەدی دەکرێت، بۆیە وەک میسریەکان دەڵێن (خلی الطبق مستور)، قسەمان پێمەکەن با قسە نەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ لە لە مێژوو فێر بن پارتی هێزێک نییە بە سووکە ڕەشەبایەک بتوانن جوڵەی پێ بکەن پارتی بناغەی لە ناو دڵی کوردستانیان و خاکی کوردستانە، پارتی مانای مێژوو مانای خۆڕاگری و مانای خۆنەچەماندنە.
ئایا تەبایی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد لە بەرژەوندی نییە. ئایا پارتی هەردەم دەستی هاوکاری و تەبایی بۆ درێژ نەکردوون؟ بەڵام نانی پارتی بێ خوێیە و خەڵکی نمەک حەرامیش هەیە.

ھەواڵی زیاتر