یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

یەکێک لە سەرەکیترین ئەو کەرتانەی کراوەتە ئامانج کەرتی ئابووریی کوردستان بووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەولێری پایتەخت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا ڕۆڵی گرنگترین ناوەندی سیاسیی عێراق و ناوچەکەی بینیوە و لە هەندێک قۆناغدا تەنانەت ڕۆڵەکەی لە بەغدا زۆر بەرجەستەتر بووە، ڕێبەرانی عێراقی و جیهانی لە هەولێرەوە سیاسەتە گشتییەکانیان داڕشتووە و هەر لەو شارەوە هەوڵ دراوە سەقامگیری و ئارامی بۆ تەواوی عێراق بگوازرێتەوە، جگە لەمە سەرووی چل ملیۆن کوردیش هیوایان پێی هەڵچنیوە، بەڵام هەوڵێکی مەترسیدار بۆ نەهێشتنی ئەو هیوایە لەئارادایە.

بە دانپێدانانی هەندێک چاودێری سیاسی و تەنانەت بەرپرسانی ئەمنی وڵاتانی دراوسێ، لە ڕابردوودا هەرێمی کوردستان و پایتەختەکەی لە قەوارەی خۆی زۆر گەورەتر بووە و ڕۆڵی هەولێر لە هاوکێشە ئابووری و تەناهی و سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان، هیچی کەمتر نەبووە لە ڕۆڵی پایتەختەکانی وەک ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و پایتەختەکانی تر.
سەرکردەکانی جیهان ڕاستەوخۆ دەهاتنە هەولێر بێ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن یان ئەگەر پرۆتۆکۆڵەکانیش ڕێگر بووایەن ئەوا لە بەغدا دادەبەزین و بۆ ماوەیەکی کورت لە بەغدا دەمانەوە و پاشان دەهاتنە هەولێر و هەر لەو شارە پشوویان دەدا و پەرەیان بە پێوەندییە دیپلۆماسییەکان دەدا.
هەرێمی کوردستان بووە ناوەندێکی سەرەکیی ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی بواری وەبەرهێنان لە تەواوی جیهان و بە هەزاران کۆمپانیا ڕوویان لەم شارە کرد و داهات و ژیان و گوزەرانی خەڵک گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەردا هات، لە ماوەی ساڵانی سەرهەڵدانی داعش و جەنگی تیرۆر دیسان شارەکە بووە ناوەندێکی گرنگی سەربازی بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەو شارەوە لەسەر دەستی پێشمەرگە لمۆزی داعش لە عەردی درا و موژدەی سەرکەوتن بڵاو کرایەوە و بەسەدان هەزار ئاوارەی عێراق و وڵاتانی دیکەش هەر لە ژێر سایەی هەرێمی کوردستان گیرسانەوە.
لەدوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە یەکێک لە دۆسیە گرینگەکان و خەمی سەرەکیی دوژمنانی کورد چ لە ئاستی عێراقی وچ لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکە هەولێر و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بووە، ئەوان لە ژوورە ستراتیجی و پیلانداڕێژییەکانیان هەموو تواناکانیان بۆ ئەوە چڕ کراوەتەوە چۆن ئەم قەڵایە بڕووخێنن.
ئەوان وا بیر دەکەنەوە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بە واتای بەهێزبوونی هەژموونی کوردی و گەشەی ناسیۆنالیزم و خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانە و پێچەوانەکەیشی بە ڕاست دەبینن و پێیان وایە بە لاوازکردنی ئەو قەوارەیە لە گوڕ و تینی ئەو خەباتەش لە دژ خۆیان کەم دەکەنەوە و شانبەشانی هەوڵدان بۆ لاوازکردنی هەرێم، پێوەندییە ئەمنییەکانیان لەگەڵ بەغدا پەرە پێ دەدەن.
پیلانەکە ئەوەندە بەرفراوان و چڕە کە هیچ کام لە ڕەهەندەکانی پێشکەوتن و سەقامگیری و تەناهی کوردستانی لەبیر نەکردووە و بۆ هەر کەرتێک پیلانێک داندراوە و کەسانێکی زۆر شارەزا لە بواری ستراتیژی و پیلانداڕێژی کاری لەسەر دەکەن. تەنانەت بەزەییان بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەشدا نایەتەوە و بە بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر و بەدڕەوشتی هەوڵی لەرزۆککردنی تواناکانی کۆمەڵگە دەدەن.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو کەرتانەی کراوەتە ئامانج کەرتی ئابووری بووە و نەیاران و دوژمنان کە ئەزموونێکی زۆریان لەو جۆرە دوژمنکارییانەدا هەیە دەستیان بۆ قووتی خەڵک و سەرچاوە ئابوورییەکان بردووە و مەبەستیان بووە خەڵکی کوردستان ئەوەندە برسی بکەن، لە پێناو نان و مووچەی مانگانەیاندا هەموو بەهایەکی نیشتمانی و مرۆیی و شانازییەکانی ڕابردوویان لەبیر بکەن. ئەوان چاویان بەوە هەڵنایەت کرێکارەکانیان لە تاران و دیمەشق و ئەنقەرە و بەغداوە هانا بۆ هەرێمی کوردستان بەرن و لێرەوە سکی مناڵەکانیان تێر بکەن.
رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەناردنی بودجە یان ناردنی پچڕپچڕی مووچە و شایستە داراییەکان لە دوای ئەو ڕێککەوتنانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدای کردووە و دوای ئەو یاسا نوێیانەی داڕێژاون نموونەیەکی زۆر بچووکن لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە.
نەیاران بە بڵاوکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوە لە نێوان حزب و کەسایەتییەکان و شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی تری سیاسەتی دوژمنکارانەیان جێبەجێ دەکەن و لە ڕێگەی میدیا و دامەزراندنی سەدان پەیج و دەزگای جیاواز مەبەستیانە خەڵک و توێژە جیاوازەکانی کوردستان بخەنە گیانی یەکترەوە، بەهاکان بێ بەها بکەن و هەمووان بە وێنەی بچووک خەریک بکەن و وێنە گەورەکە بشارنەوە.
ئەرکی سیاسەتمەداران و کەسایەتی و حزبەبەرپرسیار و میدیاکان و ناوەندە فکری و سیاسییەکانی کوردستانە وێنە گەورەکە پێشانی خەڵکی بدەن و هەمووان دەست لە ناو دەستی یەکتر بەرانبەر پیلان و دوژمنکارییەکان بوەستن، دەستکەوتەکان بپارێزن وبە سەرخستنی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانێکی نوێ و نوێکردنەوەی سەرجەم دام و دەزگاکان و چەسپاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەتوانێت بەشێکی زۆری ئەو پیلانەی دوژمنان هەڵبوەشێنێتەوە.