بە پلانەکانی حکوومەت بۆ کەرتی گەشتیاریی ڕێژەی هاتنی گەشتیاران دوو هێندە بووە

ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ پارێزگای دھۆک زیاتر دەبێت، ئەوەش لەبەر ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری شوێنی گەشتیارییە. گەشتیارانیش خۆشحاڵن بە ئەمن و ئارامی پارێزگای دھۆک و دەڵێن، ساڵ بە ساڵ دھۆک خۆشتر و جوانتر دەبێت.

بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆکیش، گوتی: پارێزگای دھۆک زۆرترین شوێنی گەشتیاری لە خۆ دەگرێت کە زیاتر لە نۆسەد شوێنی گەشتیاری دەبن. دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار داوە، ئەوەش بووتە ھۆکار کە زۆر پڕۆژەی گەشتیاری دروست بکرێن، لە ھەمان کاتدا ئەو شوێنە گەشتیاریانە ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە.
کەرتی گەشتوگوزار
کەرتی گەشتوگوزار بە گرنگترین کەرتی ئابووری ھەر وڵاتێک ھەژمار دەکرێت و ئەگەر کوردستان بیەوێت لەم کەرتەدا داھاتی زیاتری دەست بکەوێت، دەبێ ژێرخانی کەرتەکە ئاوەدان بکاتەوە. پێش ماوەیەک بەردی بناغە بۆ دوو پارکی ستراتیژی گەشتیاری لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەنتەری شاری دھۆک داندرا، پلانی گەشتیاری بۆ ساڵی داھاتووش دیاریکراوە و بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری بکەونە واری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش قۆناغی دووەمی پڕۆژەی چیای زاوا و چەندین پڕۆژەی دیکە.
گەشتیاران لە کەشی ئارامی کوردستان ڕازین
گەشتیاران، دەڵێن: خەڵکی دھۆک زۆر میواندۆستن و مامەڵەیەکی زۆر باش لەگەڵ گەشتیاران دەکەن، لە ھەمان کاتدا ڕۆژبەڕۆژ شارەکە پێش دەکەوێت، سرووشتەکەشی جوانە و شوێنە گەشتیارییەکان بە حەزکردن دەتوانی سەردانی بکەی و کاتێکی خۆشی تێدا بەسەرببەی، ھیوادارین شارەکە ھەروا پێش بکەوێت و ئارام بێت.
ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ پارێزگای دهۆک زیادی کردووە
خەیری ئۆسۆ، بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار داوە، بەتایبەتی لە پارێزگای دھۆک، ئەوەش بووتە ھۆکار کە زۆر پڕۆژەی گەشتیاری دروست بکرێن و بکەونە خزمەت گەشتیاران، ئێستا پارکێکی زۆر گەورە لە سەنتەری شاری دھۆک لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە کە لەسەر دەستی سەرۆکوەزیران بەردی بناغەی بۆ داندرا، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پاشەڕۆژی دھۆک زۆر گەشە، ئەوەش بووەتە ھۆکار بۆ ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوەی ‌عێراق.
بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، گوتیشی: ستراتیژی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزارمان لە پارێزگای دھۆک داناوە، دەستمان بە جێبەجێکردنی کردووە، چەند قۆناغێکمان بڕیوە، کە کار لەسەر ئەوە دەکرێت، سەرنجی گەشتیاریی ئەوروپی و عەرەبی ڕابکێشین بۆ لای ھەرێمی کوردستان، ئەوە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئەمساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ دھۆک زۆر زیادیکردووە، ساڵی ڕابردوو تەنیا یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە کردووە. خەیری ئۆسۆ، بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک، ئاشکرای کرد: زیاتر لە نۆسەد شوێنی گەشتیاری لە سنووری دھۆک ھەن، لەوانە ھۆتێل، مۆتێل، ڕیستورانت و کافی، لەگەڵ دوو سەد و پەنجا شوێنی سروشتی، ئەوەش وای کردووە کە پارێزگای دھۆک ببێتە گەورەترین پارێزگا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کە زۆرترین شوێنی گەشتیاری لە خۆ گرتبێت، ئەوەش ھۆکار بووە کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی گەشتیاران بۆ ئەو سنوورە زیاتر ببێت، لە ھەمان کاتدا ئەو شوێنە گەشتیاریانە ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە.

ھەواڵی زیاتر