کۆیلایەتی مۆدێرن و ڕەنگدانەوەی فیلمی “ژیانی بزنەکە”دا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لە ویستە هەمیشەییەکانم بینینی فیلمی سینەماییە بەتایبەت ئەو فیلمانەی ڕیشەیەکی فیکرییان هەیە و تەنها چیرۆکێکی سۆزداری، یان دووبارە پیشاندانەوەی ڕووداوێک نییە، بەڵکو خولیای ئەو فیلم و درامایانەم کە لە هەوڵی پیشاندانی ئەو بەشەی ژیاندان، کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن و هەموان توانای بینینیان نییە. سینەما لەم سەردەمەدا دەتوانێت دەنگی هەموو بێدەنگەکان بێت لە هەرکوێی جیهانن، بۆیە ئەم هونەرە وەکو چەکێکی نوێ بۆ دەرخستنی ڕاستی و پیشاندانی دیوە ڕووپۆشکراوەکەی مۆدێرنە و دیموکراسی و زۆر لایەنی دیکەی ژیان بەکار دەهێنرێت، کە بەلای منەوە زۆرجار حەقیقەت لەوێدا دەردەکەوێت، نەک لە جێگەیەکی دیکە. بێگومان ئەوەشم لەبەرچاوە، کە بەشێک لە سینەما بۆ جوانکردن و پیشاندانی سیماکانی مۆدێرنە و سەرمایەدارییە و لێرەدا من قسەم لەسەر ئەم جۆرە لە سینەما نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک لەو فیلمە سینەماییە هیندییانەی کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەنێو سینەمای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو فیلمی “ژیانی بزنەکە” بوو، ئەم فیلمە چیرۆکی کۆچکردنی دوو هاوڵاتی هیندی دەگێڕێتەوە، کە دەیانەوێت بەدوای ئیش و ژیانێکی شایستەوە بن و بەو خەونەوە وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن و بەرەو وڵاتی سعودییە کۆچ دەکەن، لەوێ و بەهۆی نەزانینی زمان و نەشارەزاییانەوە تووشی پەرتەوازەیی و دواجاریش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بیابانێکی دوورە دەستدا دەکرێنە شوان، یان درووستترە بڵێم دەکرێنە کۆیلە (وەک لە فیلمەکەشدا بە ڕوونی دەبینرێت). چیرۆکی فیلمەکە درێژ دەبێتەوە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ئەو دوو شوانە هیندییە دوورە دەستە (کە کامێرا بەردەوام تەنها لەسەر یەکێکیانە)، لێرەوە هەوڵدان بۆ ڕاکردن و ڕزگاربوون لەو کۆیلەبوونە دەست پێ دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە پێش ئەوانیش کەسێکی تر لەوێیە و بەهەمان شێوە بەکۆیلەکراوە.
ئەوەی خولیای هەڵهاتن و ڕاکردن لای هیندییەکە تۆختر دەکاتەوە مردنی هاوڵاتییە هیندییەکەی پێشترە، کە ساڵانێکی زۆر لەوێ بووە و دوای مردنەکەی جەستەی هیچ بایەخێکی پێ ناکرێت و دەبێتە خۆراکی داڵ و پەلەوەرەکانی دیکە، ئەمە دەبێتە سەرەتای دروستبوونی ئەو وشیارییەی ئیدی بیر لە ڕاکردنی یەکجارەکی بکرێتەوە ئەگەر ڕووبەڕووی مەرگیش ببنەوە. چیرۆکەکە بە ڕزگاربوونی یەکێک لە دوو شوانە بە کۆلەکراوەکە کۆتایی دێت. بەڵام ڕەهەندەکانی پشت ئەم چیرۆکە گەلێک زۆرن، کە لێرەدا گرنگترینیان بە چەند خاڵێک دەیخەمەڕوو:
یەکەم: فیلمە لە هەوڵی لابردنی ئەو ماسکانەدایە، کە سەرمایەداری هەموو ڕۆژێک لەسەری دەکات و بانگەشەی خۆشگوزەرانی هەمیشەیی و پێشکەوتنی بەردەوام دەکات. بەڵام لەم فیلمەدا ئەم وەهمە هەڵدەوەشێتەوە، کە سەرمایەداریی بەدەوری خۆیدا دروستی کردووە.
دووەم: چیرۆکی فیلمەکە سەلمێنەری ئەوەیە کە مرۆڤایەتی لەڕووی عەقڵییە و بە پێشکەوتنی ئەوتۆ نەگەیشتووە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە عەرەبییەکاندا، بەڵکو لەڕووی بەکارهێنانی ئامێرەکانەوە ئەو وڵاتانە پێشکەوتووە، نەک بەجێهێشتنی کۆیلایەتی و بڕوابوون بە ئازادی و مافی مرۆڤ.
سێیەم: ڕەهەندێکی دیکەی فیلەمەکە پیشاندانی ئەوەیە کە خودی مرۆڤیش بەرپرسە لەو دۆخەی تێی دەکەوێت. هیچ کەس ناکرێتە کۆیلە ئەگەر خۆی خاوەنی ئیرادەیەکی ئازاد و وشیارییەکی باڵا بێت. ئەوەی دەکرێتە کۆیلە، نەک خاوەنی ئیرادەیەکی ئازاد نییە، بەڵکو وشیارییەکی سەرەتایی بە ژیان و مرۆڤەکانی دیکەش نییە و ئەوەش زەمینە خۆشکەرە بۆ ئەوەی بکرێتە کۆیلە.
چوارەم: بەبێ قوربانیدانی بەردەوام و ڕزگاریی و ئازادی بەدەست نایەت، ئەمە کرۆکی هەموو ڕزگاربوون و گەیشتنێکە بە ئازادی. فیلمەکە لە کۆتاییەکانیدا بەم ئەنجامەمان دەگەیەنێت.
ئەم فیلمە گەلێک پەیامی دیکەی تێدایە، کە لێرەدا دەرفەتی باسکردنی نییە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەو پەیامە سەرەکییەیە کە پێداگرە لەسەر ئەوەی سینەما دەنگی بێدەنگکراوەکانە و لە هەموو سەردەمێدا دەتوانێت کاریگەریی خۆی بگەیەنێت و هەربەهۆی ئەو کاریگەریەشەوەیە ئەم فیلەمە لە سعودییە پەخشی ڕاگیراوە.

ھەواڵی زیاتر