گەڕەکى ژیان ..بە گوژمەى زیاتر لە (1 ملیار و 40 ملیۆن دینار) دەست بە دروستکردنى پارکێک کرا

“پارێزگارى هەولێر، پڕۆژەکەى بەسەرکردەوە”

ئەمڕۆ شەممە 31ـی ئــابـی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، بە یاوەرى كارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر و نیاز ساڵح، بەڕێوەبەرى شارەوانى چوار و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پڕۆژەی دروستکردنی پارکی گەڕەکى ژیانى بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەى (1 ملیار و 40 ملیۆن و 477 هەزار دینار) لەسەر بودجەى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەست بە دروستکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەست خۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانى پڕۆژەکە، تەئکیدى لە سەر چارەسەرکردنى سەرجەم ئەو پێداویستى و کەم کوڕیانەى کە هەن کردەوە، هەروەها گرنگى ئەو پارکەى بۆ دانیشتوانى گەڕەکەکە بە گرنگ زانى و جەختى لە سەر بایەخدانى زیاتر بە زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە سەنتەرى شار و سەرجەم ناحییە و قەزاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە.

جێگەى باسە، پڕۆژەی دروستکردنی پارکی گەڕەکى ژیان، بە دیزاینێکی مۆدیرن نەخشەی بۆ کێشراوە و لە سەر ڕووبەری (19 هەزار) م2 دەست بە جێبەجێکردنى کراوە و بریاریشە لە ماوەیەکى نزیکدا کۆتایی بە پرۆژەکە بهێنرێت و پارکەکە بەڕووى هاوڵاتییان بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر