ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیركرد كە هەوڵیاندابوو بە چەك هێرش بكەنە سەر نووسینگەیەكی گۆڕینەوەی دراو لە گەڕەكی رووناكی.

ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە: لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، چوار تۆمەتبارمان دەستگیر کرد بە ناوەکانی (ڕ، ع، ع) و (هـ، م، خ) و (هـ، م، خ) و (س، م، خ) کە هەڵسابوون بە دروستکردنی کێشە لەگەل نووسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراو لە گەڕەکی ڕووناکی شاری هەولێر.

بڵاویشی كردەوە: لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کێشەکەیان لەسەر گۆڕینەوەی دراو بووە، بەو هۆیەوە کێشە لەنێوان ئەو تۆمەتبارانە و کارمەندانی ئەو نووسینگە دروست بووە و دواتر ئەو تۆمەتبارانە هەوڵیانداوە بە چەک هێرش بکەنە سەریان.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، بەرلەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات، تۆمەتبارەكان لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران.

ھەواڵی زیاتر