وەزارەتی خوێندنی باڵا فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەگرێبەستکردنی وانەبێژان جێبەجێ دەکات

چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دامەزراندنی بۆ سەرجەم مامۆستایانى وانەبێژ لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە بە شێوەى گرێبەست ئیمزا کرد، وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە زانکۆکان کردووە تاوەکوو 3ـی ئەیلوولی 2024، لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ وەزارەت بنێرنەوە.

بە نووسراوی ژمارە 1991، کە ئەمڕۆ بە ئیمزای ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی زانکۆ حکوومییەکان و دامودەزگاکانی وەزارەتەکە کراوە، ئاماژەی بەوە کردووە: لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوتان بۆ ڕەوانە دەکەین کە پێشتر لە لایەن زانکۆکانەوە بۆ وەزارەت نێردراوە بۆ ئەوەی وردبینی لە ناوەکان بکەن و کەموکوڕییەکان چارە بکەن.

وەزیری خوێندنی باڵا داواشی کردووە، تاوەکوو کۆتایی دەوامی ڕۆژی سێشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2024، لیستەکان بگەڕێنرێنەوە فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت بە مەبەستی یەکخستنیان و ناردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.

هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا لێژنەیەکی لەسەر ئاستی وەزارەت پێکهێناوە بۆ وردبینیکردنی لیستی ناوی وانەبێژانی دانەمەزراو لە دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکە و ماوەی تەنیا سێ ڕۆژیشی دیاری کردووە، لێژنەکە کارەکانی تەواو بکات و دواتر بە نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە

بە فەرمانی ژمارە (4142) لە 28ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست ئیمزا کرد و تێیدا هاتووە: بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ لە بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا، ئەو بڕیارەیان داوە.

لە خاڵی یەکەمی فەرمانەکەدا هاتووە “دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێوەی گرێبەست بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (10)ـی ساڵی 2019”.

هاوکات لە خاڵی دووەمی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا، هاتووە “هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاسپێردراون بە وردبینیکردنی لیستی ناوی وانەبێژان و ئەنجامدانی ڕێکارەکانی دامەزراندنیان”.

25ـی ئابی 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، دوای گوێگرتن لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.

26ـی ئابی 2024، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە 264، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لێژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت بۆ وردبینیی لە کۆی گشتیی لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، کە بڕیارە ڕۆژی (5ـی ئەیلوولی 2024) بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

ئالان حەمەسەعید فەرمانی دەرکرد، پێویستە ئەو لێژنەیە تاوەکوو (9ـی ئەیلوولی 2024) کارەکانی وردبینیی لە لیستی وانەبێژان تەواو بکەن و پاشان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی بەگرێبەستبوونی بۆ دەربچێت.

هەمان ڕۆژ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کرد، داوای کرد لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تەواو بکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە (5ـی ئەیلوولی 2024) بۆ وەزارەت ڕەوانە بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر